رۆناڵدۆ لە سەر سوتانی دارستانەکانی ئەمازۆن هاتە دەنگ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی یاری تۆپی پێی جیهانی ئەمجارە لەسەر یاری تۆپی پێ نەهاتە دەنگ، بەڵکو لەسەر پرسێکی جیهانی کە سووتانی دارستانەکانی ئەمازۆنە هاتە دەنگ، کە سێ هەفتەیە ئەو دارستانە ئاگری تێبەربووە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە بە دووەم چالاکوانی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، دوای تایلەر سۆفیت لە سەرتاسەری جیهاندا هەژمادەکرێت لەرووی سەردانی کەرەوە، لە ئەکاوتنی خۆی نووسیوویەتی " دارستانەکانی ئەمازۆن لە ٢٠% هەموو ئۆکسجینی جیهان دابین دەکات، لە سێ هەفتەی رابردوودا ئاگری تێبەربووە، ئەرکی هەموومانە یارمەتی هەسارەکەمان، زەوی بدەین".

دارستانەکانی ئەمازۆن دەکەوێتە وڵاتی بەرازیل، ماوەی سێ هەفتەیە ئاگرێک لەوێ کەوتۆتەوە و بەشێکی زۆری ئەو دارستانەی سووتاندووە، تا ئێستا بەرامبەر ئەو رووداوە گەورە ژینگەیە وڵاتە گەورەکان لێی بێدەنگن، ئەمازۆن بە کۆئەندامی هەناسەدانی گۆی زەوی دەژمێردرێت کە هەسارەی زەوی لێوەی هەناسە دەدات.

دارستانەکانی ئەمازۆن هەر ئەم کێشەیەی نییە، چەند ساڵێکیشە بەهۆی دروستکردنی رێگاوبان و پرۆژەی نیشتەجێبوونەوە دارستانەکە دووچار کێشەی گەورەبۆتەوە، سێ هەفتەشە ئاگرکەوتنەوە زەرەری زۆری پێگەیاندووە.

ئەمازۆن، کە ناوچەیەکی باراناوی گەورەیەو دەکەوێتە وڵاتی بەرازیل، یەکێکە لە شوێنە سەرنجڕاکێش و زیندوەکانی سەر گۆی زەوی،  بە گەورەترین دارستان دادەنرێت لە رووی جۆری رووەکە و گیاندارانەوە، لەو دارستانە ٢ملیۆن گیان لەبەر دەژی، هەروەها  ٤٠ هەزار جۆر رووەک، ٢٢٠٠ جۆر ماسی، جگە لە ١٢٩٤ جۆر باڵندەو، بەهەزاران جۆری گیانداری جیاوازی زەمینی و خشۆک و بەرئاویی و ئاوی لەو دارستانە دەژین.

لە ساڵی ٢٠١٨ بەهۆی رێگاو بان و نیشتەجێبوونەوە لە ١٧% وێران کرا، ماوەی سێ هەفتەشە ئاگرێکی گەورەی لێکەوتۆتەوەو تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوەو رۆژ بەرۆژ زیاتر دارستانەکە ئاگر دەگرێت.

نەمانی ئەم دارستانە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجین وبەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی.





PM:08:52:23/08/2019