كرملن داوای وەستانی توندوتیژیەكان دەكات

سەرۆكایەتی روسیا رایگەیاند، داوا لە لایەنەكانی ململانێی سوریا دەكەین كردەوە توندوتیژییەكانیان بوەستێنن و دەرفەت بۆ چارەسەری سیاسی بڕەخسێنن.

 كەمێك بەرلەئێستا دمیتری بیسكوف، وتەبێژی سەرۆكایەتی روسیا سەبارەت بە دۆخی ئێستای سوریا و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكوری ئەو وڵاتە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردوە مۆسكۆ و ئەنقەرە لەسەر روداوەكانی ئەم دوایەی سوریا بەشێوەیەكی رێكخراو لە پەیوەندیدان.

باسی لەوەشكردوە، هەڵوێستی روسیا لەسەر ئۆپراسیۆنەكەی توركیا نەگۆڕاوە و جەخت لەوە دەكەنەوە پێویستە هەموو ئەو رێوشوێنانەی دەبنە هۆی پەكخستنی چارەسەری سیاسی لە سوریا بوەستێنرێن.

ئەوەش خراوەتەڕوو "هەموولایەك ئاگادارە لەم چەند رۆژەدا هەندێ لێكتێگەشتن و رێككەوتن لە سوریا كراوە و مۆسكۆ پشتیوانی لە چارەسەركردنی دۆخی سوریا لە رێگەی چارەسەری سیاسیەوە دەكات".

سەبارەت بە ئەگەری پێكدادان لە نێوان هێزەكانی سەر بە بەشار ئەسەد هێزەكانی روسیا لەلایەك و توركیا لەلایەكی دیكەوە لە ناوچەكانی سنوری توركیا كە ئۆپراسیۆنی تێدا بەڕێوەدەچێت، وتەبێژی كرملن ئاماژەی بەوەكردوە، ئەوان پێشبینی روداوی نەخوازراو ناكەن، چونكە لە چەندین بواری سەبازیدا هەماهەنگیان لەگەڵ توركیادا هەیە.


PM:03:09:14/10/2019