تره‌مپ: كورد فریشته‌ نییه‌

له‌ نویترین هه‌ڵوێستیدا له‌باره‌ی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دەڵێت كورد فریشته‌ نییه‌ و جه‌ختیشی كرده‌وه‌، سه‌پاندنی سه‌زا به‌سه‌ر توركیادا باشتره‌ له‌ شه‌ڕ.

سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی پێشوازیکردنی لە سەرۆکی ئیتاڵیا، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەواناندا لەبارەی رەوشی سووریا و مانەوە هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی خۆیان لە سووریا دەکشێننەوە، هێزەکانی ئەوان پۆلیس نین تاوەکو پاسەوانی لەو وڵاتەکە بکەن.

ترەمپ دەشڵێت، سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا باشترە لە شەڕ و یارمەتیدەر دەبن لە دانوستاندنی نێوان تورکیا و کورد.

لە وەڵامی ئەو پشتگیرییەی کە سیناتۆر و کۆنگرێسمانەکان لە کوردی دەکەن، ترەمپ رایدەگەیێنێت "کوردەکان فریشتە نین، ئەوان شەڕیان کردووە و ئێستاش دەتوانن خۆیان بپارێزن".

ئه‌م لێدوانه‌ی تره‌مپ له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ بڕیاره‌ هه‌ریه‌ك له‌ مایك پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و مایك پۆمپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی توركیا بكه‌ن و له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا كۆببنه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ دۆخی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا و وه‌ستاندنی هێرشی سوپای توركیا لەو ناوچەیە.




PM:06:32:16/10/2019