سەرۆكی شارەوانی كەرتی كۆلۆمبیا لە واشنگتۆن دی سی، بڕیاریدا یەكەم شەقام ناوبنێت "ژیانی ڕەشپێستەكان گرنگە".
خاتوو مۆریل بوزر، 5ی حوزەیران شەقامی 16ی گۆڕی بە "ژیانی ڕەشپێستەكان گرنگە” و لەگەڵ ژمارەیەك لە كارمەندانی شارەوانی شەقامەكەیان بە بۆیەی زەرد نەخشاند و بەگەورەیی نوسیان ” ژیانی ڕەشپێستەكان گرنگە".
شەقامی 16 ئەچێتەوە سەر مەیدانی لاڤایت و كۆشكی سپی. كە یەكێكە لە شەقامە سەرەكییەكانی واشنگتۆن.
ئەم بڕیارەی سەرۆكی شارەوانی لە دوای 8 ڕۆژ خۆپیشاندان دێت لەسەر ئەو شەقامە بەهۆی گیانلەدەستدانی جۆرج فلۆید پیاوە ڕەشەكەی شاری مەنیئاپلس-ی ویلایەتی مینیسۆتا لە رۆژی 26 ئایار لەژێر دەستی (دیریك شۆڤین) ی ئەفسەری پۆلیس.
بوزر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لەوەكرد خەڵك لێرە هاوسۆزن بۆ گۆێگرتن و بینین و دانپێدانان بە مرۆڤایەتیبوونیاندا. وتیشی" ئێمە فرسەتی ئەوەمان بۆ هەڵكەوت كە بەدەنگێكی بەرز و ئاشكرا لە شەقامێكی گرنگی ویلایەتەكەماندا پەیامێك بگەیەنین".
باسی لەوەشكرد كە ئەمە پەیامی گەلی ئەمریكایە بۆ دنیا كە ژیانی ڕەشپێست گرنگە لەلایە ئێمە.
جۆن فالتستیشیو بەرێوەبەری فەرمانبەرانی شارەوانی كەرتی كۆلۆمبیا لە واشنگتۆن دی سی، وتی" سەرۆكی شارەوانی بەئاشكرا وتویەتی كە ئەم شەقامە پێشكەشە بە خۆپیشاندەران لەبەرئەوەی بەشێوەیەكی ئاشتیانە دوو شەوە خۆپیشاندەران ناوچەكەیان پاراستووە".