ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە سەرۆکەکەی بەسیفەتی راوێژکارەو مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، نزیکەی ١٠ مانگە کۆنەبۆتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە ئەو ئەنجومەنەی کە بەرپرسە لە هەموو ئاسایشی هەرێم و هەموو دەزگا ئەمنی و ئیستخباراتییەکانی تێدا کۆبۆتەوە ١٠ مانگی رەبەقە کۆنەبۆتەوە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ ەوە کە رێکخراوی قاعیدەو دواتر داعش بەرە بەرە لە عێراقدا سەرلەنوێ خۆی رێکدەخستەوەو خۆی بەهێز دەکردو دواتر شارەکانی فەلوجەو رومادی گرت، پاشان داعش لە ١٠ ی حوزەیراندا موسڵی گرت و لەسەرەتای مانگی ئابیشدا پەلاماری شەنگالی داو دواتر هەردوو شارۆچکەی مەخمورو گوێری گرت و هەمووی ٢٠ خولەک رێگای مابوو بگاتە هەولێر، کەچی لەهەموو ئەو کاتانەدا ئەم ئەنجوومەنە کۆنەبووە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە راوێژکارەکەی مەسرور بارزانییە پێکدێت لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری پێشمەرگە و، ئاژانسی زانیاری و پاراستن و، بەرێوەبەری دەزگای ئاسایشی هەرێم.
بەپێی یاساکە ئەنجومەنەکە چوار ئەندامن، سەرچاوەکەی سپی باس لەوە دەکات کە جارانی کە کۆدەبوونەوە وەزیری پێشمەرگەو ناوخۆش بەشداری کۆبوونەوەکانیان دەکردن.
سەرچاوەکەی سپی دەڵێت " لەمانگی ئابدا هەرێمی کوردستان چارەکی زەوی نیشتمانەکەی لەلایەن داعشەوە داگیرکرا، کەچی ئەو ئەنجومەنە کۆنەبوەوە".
ئەوەی جێگای سەرنجە تا ئێستا بەفەرمی بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی هەرێم بارەگای نییە لەهەولێری پایتەخت، هاوکات ئاژانسی زانیاری و پاراستنیش بەهەمان شێوە بارەگایان نییەو لە سلێمانی دادەنیشن، کە جاران کۆبوونەوەشیان دەکرد لە بارەگای پاراستنی (پارتی) کۆدەبوونەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە ١٠ مانگە یەک کۆبوونەوەی نەکردووە بوودجەیەکی ساڵانەی خەیاڵی هەیە کە بڕەکەی 344 ملیارو 630 ملیۆنە دینار بووە لە 2013 .
دەزگای ئاسایشی هەرێمیش بووجەكەی 487 ملیارو 443 ملیۆن دینار بووە لە ساڵی 2013 دا.