سپی زانیاری ورد لەسەر گفتوگۆکان بلآودەکاتەوە
"کورد زەرەری گەورە دەکات بەشداری حکومەتی بەغدا بکات"

بەم لۆژیکەی بەغداو هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە کە دۆسیەی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی بەغدا لەگەڵ کوردا بەڕێوە دەبەن، بەشداریکردنی کورد لە حکومەتدا زەرەرێکی گەورەی لێدەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادارو نزیک لە لیژنەی دانوستانکاری کورد لەگەڵ بەغدا راگەیاند کە هاوپەیمانی شیعەو حەیدەر عەبادی بەهەمان لۆژیکی سەردەمی مالکی مامەڵە لەگەڵ وەفدی کورددا دەکەن و ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات کورد بەشداری نەکات زۆر لەوە باشترە کە بەشداری بکات، چونکە هەمان وەزعی سەردەمی مالکی دووبارە دەبێتەوە لە هەموو ئەو کێشانەدا کە کورد هەیەتی لەگەڵ بەغدا، ئەمجارەش هیچی دەستناکەوێت.

بەرنامەی حکومەتی عەبادی:

کورد پێ زۆر لەسەر ئەوە دادەگرێت کە حکومەتی عەبادی بەرنامەیەکی سیاسی هەمە لایەنەی هەبێت. ئەو بەرنامەیە رەنگدانەوەی داواکارییەکانی کوردو لیستەکانی تر بێت کە نوێنەری پێکهاتەکانن، لە نێویاندا داواکارییەکانی کورد کە خۆی لە مادەی ١٤٠ و، بودجەو پڕ چەککردنی پێشمەرگەو، مەسەلەی نەوت و، شەراکەی راستەقینەدا دەبینێتەوە. ئەگەر لە وردەکاری ئەم بەرنامە سیاسیەدا بەرنامەی حکومەتی ئایندەی عێراق داوکارییەکانی کوردیی بە رادەیەکی بەرچاو تێدابوو، هاوکات زەمانەتی جێبەجێکردنی بۆ مسۆگەر بکرێت، ئەمەش لە رێگای هەبوونی لایەنێکی تری نێو دەوڵەتیەوە.

بۆ دابینکردنی ئەم زەمانەتە کورد هەوڵدەدات ئەمەریکا و کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئێران و بگرە مەرجەعیەتی شیعەش ئیمزا لەسەر ئەم بەرنامە سیاسییە بکەن، دوایی بچێتە پەرلەمانی عێراق و تەسدیق بکرێت، سەرچاوەکەی سپی وتی " ئەگەر بەرنامەی حکومەت بەم قۆناغانەدا تێپەڕیت زەمانێکی باش دەبێت بۆ جێبەجێکردنی، چونکە جگە لەهەبوونی لایەنی سێهەم دەبێتە بەڵگەنامەیەکی پەرلەمانی عێراق و ئەگەر عەبادی و شیعە خۆیان دزیوە لە جێبەجێکردنی، دەتوانرێت لە دادگای فیدراڵیەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت".
ئەو سەرچاوەیەی سپی وتی" ئەوەی جێگای سەرنجێکی گەورەیە هاوپەیمانی شیعە نایانەوێت هیچ لەم هەنگاوانە بکەن‌و تەنها دەیانەوێت لە کاتی پێکهێنانی کابینەکەدا بەرنامەیەکی ئاسان و سەرپێیی کابینەکە بخوێنرێتەوە".( شیعە نایانەوێت بچنە ژێر هیچ ئیلتزاماتێکەوە).

مادەی ١٤٠ چی لێدێت؟

مادەی ١٤٠ کە مادەیەکە تایبەتە بە ناوچە جێناکۆکەکان هەندێک قۆناغی گرنگی ماوە لەوانە قۆناغی سەرژمێری و دواتر راپرسی، وەفدی دانوستانکاری کورد هەوڵیکی زۆری دا تا ئەو مادەیە بخاتە بەرنامەی حکومەتەوە، سەرەتا سونەکان دژبوون، دواتر رەزامەندیان پیشان دا.

وەفدی کورد لەگەڵ عەبادی رێککەوتوون کە حکومەتی ئایندە لە ماوەی ساڵێکدا مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکات، بەلآم گرفتەکە لە چەمکێکدایە کە جێبەجێکردنەکە بە " تەوافق " بێت، وەک سەرچاوەکەی سپی وتی واتە بۆ هەر هەنگاوێک کە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە دەبێت توافق بکرێت " ئەگەر لایەنێک بۆ نموونە وەک تورکمان، یان عەرەب رازی نەبن بەهەر هەنگاوێک ئەوا پرۆسەکە جێبەجێ ناکرێت".( ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە، چونکە هەموو کاتێک یەکێک لە پێکهاتەکان دەتوانن نەهێڵن پرۆسەکە جێ بەجێکرێت).

چارەنووسی پێشمەرگە

پرسی پێشمەرگە کە لە ٢٠٠٣ ەوە بێ چارەسەر ماوەتەوەو دواتریش کە دەستوری عێراق چارەسەری بۆ داناو لەبەندێکدا وەک بەشێک لە مەنزومەی وەزارەتی بەرگری عێراق ناوزەدی کرد، مالکی لەبەر رۆشنایی دەستور هیچ هەنگاوێکی نەنا بۆ پێدانی مووچەو پڕ چەککردنی ئەم هێزە.

بە پێی سەرچاوەکەی سپی کە ئێستاش کورد ئەم پرسە بەیەکێک لەخاڵە گرنگەکانی گفتوگۆکانی خۆی دەزانێت لەگەڵ بەغدا، بەلآم لای هاوپەیمانی شیعەو عەبادی وەزعی پێسمەرگەو مافەکانی نەک هەر باش نییە، بەڵکو دەیانەوێت وەک پۆلیس، یان ئاسایشی لێبکەن و بەم قەوارەیەی ئێستا نەمێنێتەوە کە ئەمەش جێگای ناڕەزایی و قبووڵنەکردنە لەلایەن وەفدی کوردیەوە.

فرۆکەخانەکانی کوردستان

لە سالآنی رابردوودا ناوبەناو بەغدا گرفتی گەورەی ئاسمانی بۆ فرۆکەخانەکانی عێراق دروستکردووە، لەگەڵ داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، بەغدا لە رێگای دەزگای فرۆکەوانی مەدەنیەوە رێگای گرت لەو فرۆکە بازرگانیانەی کە شتومەکیان دەهێنا بۆ کوردستان، ئەمە پرسە ئێستا بۆتە یەکێک لە کێشە گرنگەکانی نێوان بەغداو هەرێم، وەفدی دانوستنکاری کورد دەیەوێت دەسەلآتی بەغدا لە پرسی ئاسمانی هەرێمدا کورت بکاتەوە، بەلآم تا ئێستا بەهیچ جۆرێک هاوپەیمانی شیعە رازی نەبووە لەسەر ئەم پرسە.

نەوتی هەرێم

ئەم پرسەش یەکێکە لە کێشە بێ کۆتاییەکانی نێوان بەغداو هەرێم کە پێویستە لیژنە تەکنیکییەکان چارەسەری بکەن، بەلآم تا ئێستا ئەوەی لەم دۆسیەیەدا باسکراون بابەتی گشتین و جێهێلراون بۆ دوای پێکهێانی حکومەت.

بودجەو مووچەی هەرێم

یەکێک لەکێشە گرنگەکانی کورد مەسەلەی بوودجەی هەرێمی کوردستانە، کە لەئەنجامی کێشەی دەرهێنانی نەوتەوە لەکوردستان و ململانێی مالکی لەگەڵ هەرێم وا ماوەی ٨ مانگە بەغدا بودجەی لە هەرێمی کوردستانی بڕیوە، وەفدی دانوستانکاری هەرێم دوایەکی خستۆتە بەردەم هاوپەیمانی شیعەو عەبادی کە بەغدا پارەی ئەو هەشت مانگە بنێرێت، ئەمەش وەک مەرجێکی تری کوردە بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی مالکی، وابڕیاریشە ئەمرۆ ىەغدا وەلآمی وەفدی کوردی لەسەر ئەو پرسە بداتەوە.

ئەو سەرچاوەیەی سپی پێێوایە کە کورد ئەمجارەش جگە لەهەندێک شتی کەم و کورت خایەن هیچ لەبەغدا سەوز ناکات، باشترە ئەو پاڵپشتیە نێودەوڵتیە بە شێوەیەک بەکاربهێنێت ئەگەر زامنی زۆری مافەکانی نەکات بەشداری نەکات " چونکە لەئەنجامدا بەغدا ناتوانێت بێ کورد حکومەتی نوێ پێکبهێنیت، ئەگەر پێکیشی بهێنێت، ئەوا حکومەتێک دەبێت لایەکی عێراقی لەگەڵ نابێت کە خاوەنی قەوارەو زۆر شتی خۆیەتی، هاوکات هەموو رۆژێکیش ئەم پاڵپشتیە نێودەوڵتیە کە ئێستا هەیەتی بۆ کورد لەئارادا نابێت".




PM:01:03:04/09/2014