"نێچیرڤان بارزانی گرێبەستی گازی بێ ئاگادار پەرلەمان کردووە"

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی رووداو لەدوا سەردانیدا بۆ تورکیا نێچیرڤان بارزانی گرێبەستی گازی سروشتی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکیدا ئیمزاکردووە، ئەمە لەکاتێکدایە کە پەرلەمان هیچ ئاگایەکی لەو پرسە چارەنووسازە نییە، پارتیش دوێنێ ١/١٢ لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ یەکێتی ئەو پرسەیان تازە باس کردووە.

تۆڕی میدیای رووداو رۆژی ٢٠١٦/١/١١ راپۆرتێکی بەناونیشانی "كوردستان دەبێتە فەرمانڕەوای نوێی گازی سرووشتی" بڵاوکردۆتەوە، لەو راپۆرتەدا ئەو میدیایە کە نزیکە لە خودی نێچیرڤان بارزانیەوە هاتووە" نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 26/12/2015 سەردانی ئەنقەرەی كرد. بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) بارزانی لەو سەردانەیدا گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی توركی كردووە بۆ راكێشانی بۆڕیی گاز".

ئەمە لەکاتێکدایە کە پارتی دیموکراتی کوردستان٢٠١٥/١٠/١٢ ەوە پەرلەمانی پەکخستووەو ناهێڵێت سەرۆکەکەی د. یوسف محەمەد بچێتەوە سەر کارەکەی لەهەولێر.

دوێنێ ١/١٢ وەفدی باڵای پارتی لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەفدی باڵای یەکێتی لەهەولێر بەشێک لە کۆبوونەوەکەیان بۆ پرسی ناردنی گازی سروشتی هەرێم بۆ تورکیا تەرخان کردووە، لەکاتێکدا بڕێکی زۆر کێڵگەکانی ئەو گازە سروشتیە دەکەوێتە ئەو ناوچانەی بە زۆنگی سەوزو شین ناسراون.

ئەگەر ئەو پرۆژەیەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکیدا گرێبەستەکەی ئیمزا کردووە سەربگرێت، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان خەریكی راكێشانی بۆری گواستنەوەی گازی سرووشتیە كە لە كۆرمۆری ناوچەی گەرمیانەوە دەستپێدەكات و دەچێتە چەمچەماڵ ( ئەو دوو جێگایە دەکەونە زۆنگی سەوزەوە)و ئینجا بۆ خورمەڵە و دواتر پارێزگای دهۆك و لە كۆتاییشدا لە پێشخابورەوە دەچێتە خاكی باكووری كوردستان.

بەپێی راپۆرتەکەی رووداو سەبارەت بەو رێککەوتنە دەڵێت" ئەگەر هیچ گرفتێك نەیەتە پێش، سەرەتا یان نێوەڕاستی مانگی داهاتوو (مانگی شوبات) دەست بە پڕۆژەكە دەكرێت، پڕۆژەكەش لەماوەی 270 رۆژ (9) مانگ تەواو دەبێت، واتە كۆتایی ئەمساڵ دەتوانرێ دەست بە هەناردەكردنی گازی سرووشتی بكرێت، چونكە هەر مانگی شوباتی داهاتوو، لە دیوی باكووری كوردستانیش دەست بە پڕۆژەكە دەكرێت".

دوا سەردانی ٢٠١٥/١٢/٢٦ نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا کە بەتەنها ئەنجامی دا بەپێی بۆچوونێکی چاودێرێکی سیاسی لەسەر بێ ئاگایی یەکێیتی، دوو پرسیار لەسەر رۆڵی قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکومەت دەوروژێنرێت، پرسێکیان، ئایا یەکێتی لەرێگای قوباد تاڵەبانییەوە ئاگاداری ئەو رێککەوتنەیە؟ ئەگەر ئاگادارە، ئایا هەردوو باڵەکەی یەکێتی ئاگادارە، یان تەنها باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی؟ پرسی دووەمیش ئەگەر یەکێتی ئاگاداری ئەو رێککەوتنەی نێچیرڤان بارزانی نەبێت، هەڵوێستی چی دەبێت، ئایا داوای بەش دەکات لە پارتی تا ببێتە شەریک؟ یان دەیکاتە مەرج بۆ گەڕانەوەی باری ئاسایی بۆ نێو پەرلەمان و حکومەت و کەوتنەوە گەڕی پڕۆسەی سیاسی؟".
چاودێرەکەی سپی پێیوایە رۆژانی داهاتوو هەڵوێستی یەکێتی ئاشکرا دەبێت.
 
بەپێی راپۆرتەکەی رووداو " بەپێی پلانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، چاوەڕێ دەكرێت كۆتایی ئەمساڵ بڕێكی زۆری گاز بە هێڵی بۆڕی هەناردەكردنی هەرێمی كوردستاندا لە خاڵی سنووری پێشخابوورەوە بەرەو توركیا بنێردرێت، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و ئاڵۆزییەكانی باكووری كوردستان رەنگە پڕۆژەكە دوابكەوێت."

لەو راپۆرتەی میدیاکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە" بەپێی پڕۆژەكە، دەبێت كۆمپانیایەكی توركی و كۆمپانیایەكی خۆماڵی بەیەكەوە كار لەسەر كێڵگەكان بكەن. لە ساڵی 2013ەوە هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی بۆ ماوەی 26 ساڵ لەگەڵ كۆمپانیای بۆتاشی توركی واژۆكردووە".

  چاودێرەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر ئەو پرۆسەیە، پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی گازی سروشتی، تەنها پارتی و خودی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ تورکیاو کۆمپانیا تورکیەکاندا ئەنجامی بدەن، دوور لە چاودێری پەرلەمان، " ئەوا هەمان ئەو رێچکە نا شەفافە دەگرێتە بەر کە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە کوردستاندا گرتوویەتە بەرو چەندان ساڵە بە ناشەفافیەت نەوتی هەرێم دەفرۆشرێت".
    




PM:07:03:13/01/2016