سپی بەشێکی تایبەتی بۆ دەکاتەوە
ڕیفراندۆم بۆ هەمواری دەستوری تورکیا.. "بەڵێ"ی ئەردۆغان و "نا"ی کورد

تەنها چوار ڕۆژ ماوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ هەموارى ١٨ ماددەى دەستوورى تورکیا، ئەو هەموارەی بە بێ کورد لە لایەن ئاکەپە و مەهەپەوە لە پەرلەمانی تورکیا ئامادە کرا و ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەش کاریگەری دەبێت لەسەر باکووری کوردستان و کورد بە نا دەنگ دەدات، سپی بەشێکی تایبەت لە ماڵپەڕەکەیدا سەبارەت بە ڕیفراندۆمی دەستووری تورکیا دەکاتەوە.

بڕیارە ڕۆژى ١٦ى نیسانى ٢٠١٧ ڕاپرسى و ڕیفراندۆم بۆ هەموارى ١٨ ماددەى دەستوورى تورکیا بەڕێوە بچێت، کە ئەو هەموارە لەلایەن ئاکەپە و مەهەپەوە لە پەرلەمانى تورکیادا ئامادە کراوە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا هەموارەکەى پەسەند کردووە و حکومەتیش بۆ پەسەندکردنى ئەو هەموارە لەلایەن خەڵکەوە ڕۆژى ١٦ى نیسان دەیخاتە ڕاپرسییەوە.

لە هەموارى دەستوورى تورکیادا، ماددەکانى یەک تاوەکو چوارى دەستوورى تورکیا بە بێ دەستکاریکردن ماونەتەوە، کە جەخت لەسەر یەک زمان و یەک نەتەوەیى و یەک ئاڵایى لە تورکیا دەکاتەوە و هەموو هاووڵاتیانى تورکیا بە تورک پێناسە دەکات.

ئەو ماددانەشى کە هەموار دەکرێنەوە دەبنە هۆى ئەوەى کە سیستمى سیاسى لە تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتى بگۆڕێت و پۆستى سەرۆکى حکومەت هەڵبوەشێتەوە و دەسەڵاتەکانى دەدرێت بە سەرۆک کۆمار و هەروەها سەرۆک کۆمار دەسەڵاتى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و حکومەت و ڕاگەیاندنى شەڕ و لەسەر کارلابردنى بەرپرسان و دادوەرانی دەبێت.

میدیاکان باس لەوە دەکەن ئەم هەوڵەی ئەردۆغان بۆ ئەوەیە دەسەڵاتەکانی خۆی فراوانتر بکات و بۆ ماوەیەکی درێژتر لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە دابنیشێت کە هەندێک بە "خەونی ئەردۆغان بۆ بوون بە سوڵتان" ناوی دەبەن

ئەو هەوڵەى ئاکەپە ومەهەپە کاردانەوەى جۆراجۆرى لە باکووری کوردستان و تورکیا لێکەوتووەتەوە و هەر یەکە لە هەدەپە و دەبەپە و کەجەدە و تەژەئا پێکەوە هەڵمەتى نا لە دژى ئەو گۆڕانکارییە لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوە دەبن. ئەو هەڵمەتەش لە لایەن زیاتر لە ٤٠٠ ڕێکخراوى کۆمەڵى مەدەنى و ژمارەیەک لە حزبەکانى باکوورى کوردستان و تورکیا و هەروەها سەندیکا گەورەکانى کرێکاران و ئەندازیان و بازرگانان و پیشەوەرانەوە پێشتیوانیى لێدەکرێت.




PM:05:00:11/04/2017