گرتەیەكی سێكسی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بڵاوكرایەوە
لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا یەكێك لە دیارترین ركابەرەكانی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا لەگەڵ ژنە چالاكوانێكی بەریتانیا لەكاتی سێكس بڵاودەبێتەوە.
كەناڵێكی نزیك لەكۆشكی كرملن، گرتەی كاتی سەرجێیی هەریەك لەمیخائیل كاسیانۆڤی تەمەن 58 ساڵان سەرۆك وەزیرانی پێشووی روسیاو ناتالیا پێلڤینی تەمەن 39 ساڵانی بڵاوكردەوە كە لەباڵەخانەیەكی مۆسكۆ پێكەوە بوون.
میدیا بەریتانیەكان بەتایبەتی دەیلی مەیل بڵاویكردەوە، ئامانج لەبڵاوكردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە بۆ رووخاندنی ركابەرەكانی ڤلادیمیر پوتینە، بەتایبەت میخائیل كاسیانۆڤ كەچاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرا ببێتە ئەڵتەرناتیڤێك بۆ جێگەكەی پوتین.
هەر بەپێی دەیلی مەیل بڵاوكردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە دەربڕینی رق و كینەشە بەرامبەر هاووڵاتییەكی بەریتانیا وەك ناتالیا پێلڤین كە هەمیشە رەخنەی لەسەركردایەتی روسیا گرتووە بەتایبەت هەڵوێستی مۆسكۆ بەرامبەر چیچان و فەزای دیموكراسی لەو وڵاتە.
گرتە ڤیدیۆییەكە بە رەش و سپی تۆماركراوەو سێكسی تەواوی تێدا پیشان نەدراوە، كاسیانۆڤ و پێلڤین بەڕووتی دەركەوتوون و روخساریان بەڕوونی دیارە، كاسیانۆڤ كە سەرۆك وەزیرانی پێشووە، خێزاندارەو دەنگۆكە وا باسی لێوە دەكرێت كە لەگەڵ پێلڤین پەیوەندیی نهێنیی هەبووبێت.
سایتی دەیلی مەیل باسی لەوەشكردووە، رەنگە ئەو گرتەیە بە كامێرایەكی نهێنی لەژووری نوستنی ئەو باڵاخانەیەدا تۆمار كرابێت كە كاسیانۆڤ و پێلڤین تیایدا پێكەوە بوون، هەرچەندە هێشتا روون نەبۆتەوە كێ لەپشت ئەو كارەوەیە، بەڵام بەروونی مایەی روشكێنی و روگیرییەو گورزێكی كاریگەریشە لەدژی كەسایەتییە دیارەكانی ئۆپۆزسیۆن و ركابەری دەسەڵاتی ڤلادیمیر پوتین، بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەو وڵاتە.
لەلایەكی دیكەوە دەنگۆی ئەوە هەیە كە گرتە ڤیدیۆییەكە بە كامێرایەكی نهێنی تۆمار كرابێت كە لەناو (پاندانێكی سیخوڕی)دا شاردرابێتەوەو گرتەكەش لەمانگی رابردوو بڵاوكراوەتەوە، هاوكات كاسیانۆڤ وەڵامی خێرای بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو گرتەیە نەبووە، بەڵام پێلڤین رایگەیاندووە كە رێكاری یاسایی بەرامبەر كەناڵی NTV دەگرێتەبەر كە سەرچاوەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكەیە.
ناتالیا پێلڤین لەدایك و باوكێكی روسی لەسەردەمی یەكێتی سۆڤێتی پێشوو لەدایكبووەو پێش رووخانی ئەو یەكێتییە كۆچیان كردووە بۆ بەریتانیا، لەوێ چۆتە خوێندنگەیەكی تایبەت و دواتر لەكۆلێجی هونەری لەندەن بڕوانامەی لەنواندن وەرگرتووە.
میخائیل كاسیانۆڤ، لەدایكبووی ساڵی 1957ە و لەماوەی نێوان ساڵی 2000 بۆ 2004 سەرۆك وەزیرانی روسیا بووەو ساڵانی 1999 بۆ 2000 وەزیری دارایی ئەو وڵاتە بووە
سەرچاوە: رادیۆ نەوا
PM:10:36:02/04/2016