شارەزایان دەڵێن ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی ٥٠ ساڵەوەیە، پێویستە دڵنیابن لەوەی کە کالیسیۆم و ڤیتامینەکانی D و B6 و B12ی پێویستیان پێدەگات.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی Health Digest ڕایگەیاندووە، بەساڵاچووان پێویستیان بە کالیسیۆمی زیاترە، لەکاتێکدا ڤیتامین D یارمەتی لەش دەدات بۆ هەڵمژینی کالیسیۆم.
چەندین لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە کەسانی بەساڵاچوو زیاتر تووشی کەمی ڤیتامین D دەبن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی کێشەی وەک کەمی چڕی ئێسک و زیادبوونی مەترسی کەوتن و کەمبوونەوەی هێزی ماسولکەکان.
ماڵپەڕی Health Digest ئاشکرایکردووە، ڤیتامین D ڕۆڵی هەیە لە پاراستنی کەسانی بەساڵاچوو لە تووشبوون بە هەوکردن و باشترکردنی کارکردنی بۆرییەکانی خوێن.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دابەزینی ئاستی ڤیتامین D پەیوەندی بە حاڵەتەکانی وەک نەخۆشی میتابۆلیک، نەخۆشی بیرچوونەوە و هەندێک جۆری شێرپەنجەوە هەیە.
ناوبراو تیشکی خستە سەر: "خواردنەوەی پەرداخێک شیر ڕۆژانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکان، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، بەرزی پەستانی خوێن، قەڵەوی، و پووکانەوەی ئێسک، بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٢١دا بڵاوکراوەتەوە”.