هەولێر.. لە ٦ مانگدا ٤٠٠ کەس تووشی ڤایرۆسی جگەربوون


لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر رایگەیاند " تووشبون بەڤایرۆسی جگەر لەزیادبوندایەو لەشەش مانگی ئەمساڵیشدا زیاد لە ٤٠٠ کەس توشی ئەو ڤایرۆسە بون".

د.دلۆڤان محەمەد بەڕێوه‌بەری گشتی تەندروستی هەولێر دەڵێت" ئامارەکان دڵخۆشکەرنین‌و لەشەش مانگی ئەمساڵدا، سەروو ٤٠٠ کەس دەستنیشانکراون توشبوی ڤایرۆسەکەن، کەواتە بەردەوام توشبون بەڤایرۆسەکە هەیە، دەتوانرێت پێشگریشی لێبکرێت بەپێدانی ڤاکسین بۆ ئەو منداڵانەی کە لەدایکدەبن، لەهەرێمی کوردستان ئەو منداڵانەی لەدایکدەبن ڤاکسینیان بۆ دابینکراوە، هاوکات ئەوانەی کاردەکەن، پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەوانەشی کە توشی بون، چارەسەر وەردەگرن".

هەروەها باس لەوەش دەکات "ڤایرۆسی جگەر لەجۆری C و B لەنەخۆشیە قورسەکانن کە ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت دەبێتە یەک لەڤایرۆسە کوشندەکان، لەبەرئەوە ساڵانە زیاتر لە ٣٠٠  هەزار پشکنین ئەنجامدەدرێت بۆ ئەوانەی نەشتەرگەریی یاخود قەستەرە دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابین کە توشبوی ئەو ڤایرۆسە نین".

ئاشکراشی دەکات "پزیشک‌و کارمەندەکانی تەندروستی زیاتر دوچاری ئەو ڤایرۆسە دەبن، بەتایبەت ئەوانەی نەشتەرگەریی بۆ ئەو نەخۆشانە دەکەن کە دوچاری نەخۆشییەکە بونە، بۆیە دەبێت ئەوان ڤاکسین وەربگرن، یاخود ئەوانەی لەدەرەوەی هەرێمه‌وه‌ دێن، پشکنینیان بۆ دەکرێت".

ئه‌وه‌شی ڕونكرده‌وه‌، "ڤایرۆسی جۆری A و  B و C لەکوردستان هەن، جۆری ئەی مەترسی نییەو پێویستی بەچارەسەر نییە، سێ پشکنینی ڤایرۆسیش دەکەن لەجۆری جگەری Bو Cو ئایدز، ئەگەر لەو پشکنینانە دەرکەوت، توشبوان چارەسەر وەردەگرن، بەئاستێکی زۆرباش توانراوە کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکە بکرێت بەتایبەت لەڕێگە نەدان بەهاتنە ژورەوەی ئەوانەی ئەوانەی هەڵگریی ڤایرۆسەکەن بۆ هەرێم، ئەوانەی لەناوخۆش هەڵگریی ڤایرۆسەکەن، چارەسەرییان پێدەدرێت‌و دەخرێنە ژێر چاودێریی".




AM:09:44:29/07/2024