بەڕێوەبەرایەتى گشتی تەندروستى پارێزگای سلێمانى ژمارەیەک ڕێنمایی بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی توشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت"دەبێت سەوزە و میوە بە باشی بشۆردرێتەوە بە ماددەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم".
دەقی ڕێنماییەکانی تەندروستی سلێمانی بۆ خۆپاراستن لە پەتای سكچوون و ڕشانەوە بەمشێوەیەیە:
یەکەم- پێویستە تانكی ئاوی خواردنەوە بە بەردەوامی پاك بكرێتەوە، بۆ نمونە لانی كەم سێ مانگ یان شەش مانگ جارێك و دەبێت تانكی ئاوەكان بە بەردەوام سەری داپۆشراوبێت.
دووەم- سەوزە و میوە بە باشی بشۆردرێتەوە بە ماددەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم.
سێیەم- خواردنی سەر عەرەبانە و دەست گێڕەكان مەترسیدارن و خۆتیان لێ بپارێزە بۆ دووربونت لە نەخۆشی سكچوون.
چوارەم- لەكاتی بینینی هەر سەرپێچییەك كە زیان بە تەندروستی هاووڵاتیان بگەیەنێت، پێویستە نزیكترین بنكەی تەندروستی یاخود بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لێ ئاگادار بكەرەوە.
پێنجەم- دڵنیابە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەكەت و پاك و خاوێن ڕاگرتنی.
شەشەم-نەخواردنی ئەو بەروبوومانەی كە بە ئاوی قورس و پیس ئاو دەدرێت.
حەوتەم- شوشتنی دەستەكانت بەباشی پێش ئامادەكردنی خواردنەكان و دوای چوونە تەوالێت و پێش نان خواردن.
هەشتەم- تەنیا بەفرگری ماڵەكانتان بەكاربهێنن بۆ ساردكردنی ئاوی خواردنەوە، بەهیچ شێوەیەك سەهۆڵ و بەفری سەرشەقام بەكارمەهێنە ڕەنگە بە ئاوی پاكژكراو دروست نەكرابێت.