نیشانە و هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشی (ئاوڵەی مەیمون) چین؟

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٤ لەبارەی هۆکار و نیشانەکانی (ئاوڵەی مەیمون) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەم نەخۆشیە ڤایرۆسیە بەهۆی ڤایرۆسێكەوە دروست دەبێت". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا تەندروستی سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات، ئەم نەخۆشیە ڤایرۆسیە بەهۆی ڤایرۆسێكەوە دروست دەبێت و نیشانە باوەكانی بریتین لە هەوكردنی بە ئازاری پێست و نیشانەكانی بەردەوام دەبێت لە دوو هەفتە بۆ چوار هەفتە و تا و سەرئێشە و ئازاری جومگەكان و پشت ئێشەی لەگەڵدا دەبێت، هەروەها ئاوڵەی مەیمون لە مرۆڤێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگوازرێتەوە لە ڕێگەی تێكەڵاوبوونی جەستەیی كەسی تووشبوو یاخود دەستلێدان لە كەلوپەلی پیسبوو بەو ڤایرۆسە یان دەستلێدان لە ئاژەڵی تووشبوو.

هۆكارەكانی گواستنەوەی ئاوڵەی مەیمون:

– تێكەڵاوبوونی كەسانی تووشبوو لە ڕێگەی دەستلێدان و كاری سێكسی.

– دەستلێدان لە پێستی كەستی تووشبوو و ماچكردنی.

– دەستلێدان لە دەموچاو لە كاتی قسەكردن یاخود هەناسەدان.

– دەستلێدان لە كەلوپەلی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە.

– دەستلێدان لە ئاژەڵی تووشبوو لە ڕێگەی ڕاوكردن و كەوڵكردن و بەكارهێنانی گۆشتەكەی.

نیشانەكانی ئاوڵەی مەیمون بریتین لە:

ئەم نەخۆشیە نیشانەكانی لە هەفتەیەكدا دەردەكەوێت تاوەكو چوار هەفتە دەخایەنێت و لای هەندێك كەس كە بەرگرییان لاوازە ماوەكەی درێژتر دەبێت.

– هەوكردنی پێست و هەوكردنی قوڕگ.

– تالێهاتن و سەرئێشە و بێهێزی.

– ئازاری ماسولكە و ئازاری پشت.

– ئاوسانی گرێ لیمفاوییەكان.

ئاوڵەی مەیمون لە شێوەی هەوكردنی پێست دەردەكەوێت و شوێنە تووشبووەكە پڕدەبێت لە شلەمەنی و دەبێتە هۆی خورانی زۆر و بە ئازار، لە كاتی چاكبوونەوە پێستەكە ووشك دەبێتەوە و هەڵدەوەرێت و زۆرینەی تووشبووان لە ماوەی ٢ بۆ ٤ هەفتە چاك دەبنەوە.

ڕێنمایی بۆ كەسی تووشبوو بە ئاوڵەی مەیمون:

* ئاگاداركردنەوەی هەر كەسێك بەم دواییە تێكەڵاویت كردوە.

* دووركەوتنەوە لەئەنجامدانی كاری سێكسی.

* مانەوە لەماڵەوە تائەو كاتەی پێستی تووشبوو نامێنێت و چینێك پێستی نوێ دروست دەبێت.

* داپۆشینی شوێنە تووشبووەكان و بەكارهێنانی دەمامك كاتێك لەگەڵ خەڵكی تر دەبیت.

* شووشتنی دەستەكان بە ئاو و سابون و مەوادی پاكژكەرەوە بەتایبەت لە پێش و دوای دەستلێدان لە شوێنی تووشبوو.

* دەست لێنەدان و برینداركردنی شوێنی تووشبوو و ئەوە دەبێتە هۆی خاوكردنەوەی چاكبوونەوە و گواستنەوەی بۆ شوێنی تری جەستە.

ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٩٥٨ لە دانیمارك دۆزرایەوە لە نێو ئەو مەیمونانەی بۆ مەبەستی تاقیكردنەوەی پزیشكی بەكاردەهێنران، لە ساڵی ١٩٧٠  بۆ یەكەمجار تووشبوونی مرۆڤ بەو ڤایرۆسە لە وڵاتی كۆنگۆ لە ئەفریقا تۆماركرا.

ساڵی ٢٠٢٢ ئاوڵەی مەیمون بەشێوەیەكی كتوپڕ لە سەرتاسەری ئەوروپا و هەردوو كیشوەری ئەمریكای باكور و باشور بڵاوبوەوە و لە ١١٠ وڵاتدا تووشبوونی ٨٧ هەزار كەس و ١١٢ حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆماركران، لە ئێستادا ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاوڵەی مەیمونی وەك بارێكی لە ناكاوی تەندروستی جیهانی ڕاگەیاندووە و ئامادەكاری دەكات بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە.



PM:02:50:15/08/2024