لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٦٠٠ هەزار پشکنینی ئەیدز ئەنجامدراون کە تێیاندا ٧٢ حاڵەتی ئەیدز دەستنیشانکراون، کە زۆربەیان کەسانی بیانی بوون و دوای دەستنیشانکردنیان، رەوانەی وڵاتی خۆیان کراونەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی ئاشکرایکردووە" کە ساڵی ٢٠٢٣ لە سلێمانی پێنج حاڵەتی نوێی ئەیدز تۆمارکراون و کۆی حاڵەتە تۆمارکراوەکانی سلێمانی گەیشتووەتە ٣٠ حاڵەت''.
هەروەها لای خۆشییەوە مانگی شوباتی ٢٠٢٤، د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە لە عێراق زیاتر لە ٢٠٠٠ تووشبووی ئەیدز تۆمارکراون و حەوت لە توشبووانی ئەیدز لە عێراق منداڵانی تاوەکو تەمەنی چوار ساڵانن.
سەیف بەدر دەڵێت" تاوەکوو ئێستا عێراق بەراورد بە بەربڵاویی جیهانیی ئەیدز و رێژەی نەخۆشییەکەش لە ناوچەکە و دەوروبەر، بە وڵاتێک دادەنرێت کە رێژەی تووشبوون بە ئەیدزی کەمە".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەروەها دەڵێت "چارەسەری ئەیدز لە ناوەندە تایبەتمەندەکانی ئەو نەخۆشییە لە بەغداد و هەموو پارێزگاکانی عێراق بەردەستە"، لەبارەی هۆکارەکانی گواستنەوەی ئەیدز لە عێراقیش ئاشکرای کرد کە پێدەچێت کەڵەشاخ و تاتۆکردن لە هۆکارەکانی گواستنەوەی ئەیدز بن هاوکات لەگەڵ هۆکارەکانی دی.
بە وتەی د. سەیف بەدر دەڵێت، ئەگەر کەسی تووشبووی ئەیدز چارەسەرەکانی وەکو پێویست وەربگرێت، ئەوە دەتوانێت لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا بژی و لە چالاکییە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکانی بەردەوامبێت.
ئێستا چارەسەرەکانی ئەیدز زۆر پێشکەوتوون، بەجۆرێک ئەگەر لە ساڵی ١٩٩٠، کەسێکی ٢٠ ساڵان توشی نەخۆشیی ئەیدز بووایە، چاوەڕێدەکرا تەنیا ١٩ ساڵی دیکە بژی، بەڵام ئەگەر ئێستا کەسێکی ٢٠ ساڵان توشی نەخۆشییەکە ببێت، چاوەڕێدەکرێ لانیکەم ٥٣ ساڵی دیکە بژی بەرلەوەی بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانلەدەستبدات، ئەم پێشکەوتنە بەرچاوە بەهۆی کاریگەریی گەورەی دەرمانەکانەوەیە، چونکە ئەگەر ئێستاش کەسێک توشی نەخۆشیی ئەیدز ببێت و دەرمان وەرنەگرێت، پێشبینی ئەوەی لێدەکرێت تەنیا ٣ ساڵ بژی لەدوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە. ئەمساڵیش لەڕێگەی هەندێک توێژینەوەوە هەوڵ بۆ رێگریکردنی یەکجاریی لە نەخۆشیی ئەیدز دراوە و لە نوێترین توێژینەوەدا زانایان دەرزییەکیان پەرە پێداوە کە دەتوانێت بەڕێژەی ٩٦% رێگری لە نەخۆشییەکە بکات و دەرزییەکەش ساڵانە تەنیا دوو جار بەکاردەهێنرێت.
ئەیدز نەخۆشییەکە کاردەکاتە سەر کۆئەندامی بەرگریی مرۆڤ، کاتێک دروستدەبێت کە ڤایرۆسی (HIV) دەچێتە ناو لەشی کەسێکەوە و زیانی زۆری پێدەگەیەنێت، واتە تەنیا بوونی ڤایرۆسەکە لەناو جەستەدا نابێتەهۆی توشبوون بە نەخۆشیی ئەیدز.
ئەم ڤایرۆسە کاتێک دەچێتە جەستەوە، هێرش دەکاتە سەر جۆرێک لە خانەکانی بەرگری، بەتێپەڕبوونی کات و تێکشکاندنی ژمارەیەکی زۆر لەو خانانە، بەرگریی جەستەی کەسەکە بەتەواوی لاوازدەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی بەکتریا هەلپەرستەکان توشی کەسەکە ببن و نەخۆشی بخەن، ئەو قۆناغەی کە بەهۆی لاوازبوونی بەرگریی کەسەکەوە بەکتریا هەلپەرستەکان کەسەکە نەخۆش دەخەن، پێی دەگووترێت نەخۆشیی ئەیدز.