ڤایرۆسی (HMPV) چییە، ئایا حاڵەتەکان لە چین بەرزبوونەتەوە؟

بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی (HMPV) لە باکووری چین بووەتە هۆی هەندێک مەترسی لە ناو هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەدا، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن" مەترسی تووشبوون بە پەتایەکی دیکەی هاوشێوەی Covid کەمە". 

ڤایرۆسی (HMPV) نەخۆشییەکی هەناسەدانە کە دەبێتە هۆی ئەنفلۆنزا یان نیشانەکانی هاوشێوەی سەرمابوون، بەڵام دەتوانێت مەترسییەکان زیاد بکات یان ببێتە هۆی هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە یان هەوکردنی سییەکان، بەتایبەتی لەنێو کەسانی بەساڵاچوو و منداڵی بچووک و کەسانی کەم بەرگریدا.

نەخۆشییەکە لە هەمان خێزاندایە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆئەندامی هەناسەدان (RSV)، و لانیکەم لە ساڵی ٢٠٠١ ەوە هەیە کاتێک بۆ یەکەمجار لە هۆڵەندا دەستنیشانکرا، بڵاوبوونەوەشی لە وەرزی ساردتردا چڕتردەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان، حاڵەتەکان لە باکووری چین بە تایبەتی لە نێو منداڵاندا زیادیانکردووە، سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی وڵاتەکە هۆشداری داوەتە خەڵک کە ڕێوشوێنی خۆپارێزی توند لەگەڵ تەندروستی و پاک و خاوێنیدا بگرنەبەر، بەڵام جەختیشدەکەنەوە کە بڵاوبوونەوەی پەتایەکی دیکەی هاوشێوەی Covid کەمە. 

ماو نینگ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە قسەی بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی کردووە دەڵێت" هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان زیاتر لە وەرزی زستاندا دەگاتە لوتکە و بڵاودەبێتەوە". 

"پێدەچێت نەخۆشییەکان کەمتر توند بن و بە قەبارەیەکی بچووکتر بڵاودەبنەوە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو". (وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وادەڵێت)

هەروەها شارەزایان بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانییان وتووە" زیادبوونی حاڵەتەکانی ڤایرۆسەکە پێدەچێت بەشێکی بۆ تەکنەلۆژیای نوێ کە بە ئاسانی HMPV دەستنیشان دەکات بگەڕێتەوە". 

لای خۆشییەوە دکتۆر جاکلین ستیڤنس مامۆستای باڵا لە تەندروستی گشتی لە زانکۆی فلیندەرز لە ئوسترالیا وتی" نیشانەکانی HMPV هاوشێوەی هەڵامەت یان ئەنفلۆنزان و یەکێکە لە چەند ڤایرۆسێک کە زۆرجار لە ژێر بەهۆی سەرماوە بڵاودەبێتەوە و نەخۆشییەکی ئاگادارکراو نییە وەک Covid-19 یان ئەنفلۆنزا". 

"کۆمەڵێکی تریش هەن پێشتر نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان لێدەرناکەوێت، ئەوان وامان لێدەکەن بۆ چەند ڕۆژێک هەست بە ترس بکەین، بەڵام ئەگەر بۆ چەند ڕۆژێک پشوو بدەین و ڕێنماییەکانی پزیشکان جێبەجێبکەین ئەوا باشتر دەبین". (ستیڤنس وای وت)

هەروەها پسپۆڕان داوا لە خەڵک دەکەن کە لە کاتی نەخۆشیدا نەچنە سەر کارەکانیان، ستیڤنسیش پێشنیاری کردووە کە ئەگەر ناچار بن بچنە ناو خەڵک دەمامک بەکاربهێنن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە تووشبوونی زیاتری کەسانی دیکە بکات، بەتایبەتی ئەوانەی مەترسی زیاتریان لەسەرە.

دەسەڵاتدارانی چین بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٣ هۆشدارییان سەبارەت بە ڤایرۆسی میتانیمۆی مرۆیی (hMPV) بڵاوکردەوە، بەڵام ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە لە وەرزی زستانی چیندا جارێکی دیکە حاڵەتەکان زیاد بکەنەوە.

hMPV بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠١ لەلایەن زانایانی هۆڵەندا لە کۆمەڵێک منداڵدا دۆزرایەوە کە پشکنینی ڤایرۆسە ناسراوەکانی تری هەناسەدان نێگەتیڤ بوو.

ئایا هیچ ڤاکسینێک یان چارەسەرێک هەیە؟

گریمانە دەکرێت کە hMPV لە ڕێگەی بەرکەوتن لەگەڵ دەردراوەکانی هەناسەدان دەگوازرێتەوە، یان لە ڕێگەی هەوا یان لەسەر ڕووی پیسبوو، بۆیە ڕێوشوێنی پاکوخاوێنی کەسی و دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ کەسانی تر لە کاتی ناتەندروستیدا پێویستە مەترسی گواستنەوە کەمبکاتەوە.

ڤایرۆسەکە هاوشێوەی RSV یە کە بەم دواییە بەرهەمەکانی کوتان بۆ بەردەست بوون، لەوانە ڤاکسین و دژەتەنی مۆنۆکلۆناڵ، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە هیوایەک هەبێت کە ڕەنگە بەرهەمی هاوشێوە بۆ hMPV پەرەپێبدرێت و لەم دواییانەدا دەست بە تاقیکردنەوە کراوە بۆ ڤاکسینی mRNA hMPV.



PM:12:17:07/01/2025