ئەو کەسانە کێن نابێت بەڕۆژووبن و خراپە بۆ تەندروستییان؟

هەرچەندە ڕۆژووگرتن سودی تەندروستی هەیە، بەڵام هەندێ نەخۆش ناتوانن بەڕۆژوو بن کێشەی تەندروستییان بۆ دروست دەکات. 

دکتۆر داهات حەوێزی پزیشکی پسپۆری هەناوی و شەکرە و غودە، لە بابەتێکدا لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەو کەسانە کردووە کە ناتوانن لە مانگی ڕەمەزاندا بە ڕۆژووبن و گرفتی تەندروستیان بۆ دروست دەکات، ئەوانیش کە بریتین لە:- 

- ئەو کەسانەی بەرزە فشاری خوێنیان هەیە و هەمیشە زەختەکەیان بەرزە، ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە و حاڵەتەکەیان ناجێگیرە، وەکو سستی دڵ و زەبحە و جەڵتەی دڵ.

- نەخۆشی شەکرە کە دەرزی ئەنسولین یان ئەو دەرمانانە بەکاردەهێنن کە شەکرە زۆر دادەبەزێنێ، ئەو نەخۆشانەی دایمە شەکرەکەیان بەرزە یان شەکرەیان زۆر دادەبەزێت، ئەو نەخۆشانەی پێش ڕەمەزان فەحسی سێ مانگی شەکرە (HbA1c)یان لە نۆ زیاتر بێت، ئەو نەخۆشانەی شەکرە کە تووشی ماکەکانی شەکرە بوون وەکو تێکچوونی تۆڕەی چاو و ئاوی سپی و زەختی چاو، فڕێدانی پڕۆتینی گورچیلە و ترشبوونی شەکری خوێن DKA، یاخود ئەو نەخۆشانەی دایمە شەکرەکەیان دادەبەزێت و دەگاتە ٧٠ یان لە ٣٠٠ زیاترە.

- نەخۆشانی سستی گورچیلە و هەوکردنی سەختی گورچیلە و بەردی زۆری گورچیلە و بەرزی یوریک ئەسید وا باشە بەڕۆژوو نەبن.

- نەخۆشی قورحەی گەدە و قورحەی دوانزەگرێی چالاک و خوێنبەربوونی گەدە.

- نەخۆشانی کەمخوێنی سەخت تا کەمخوێنەکەیان چاک نەبن وا باشە بەڕۆژوو نەبن.

- نەخۆشیە درێژخایەنەکانی وەکو سیل و شێرپەنجە و هەوکردنە سەختەکان.

- ئەو کەسانەی ڕەبۆی سەخت یان هەوکردنی سەختی قوڕگیان هەیە و پێویستە بەردەوام ئاو بخۆنەوە و قوڕگیان تەڕبێت.

- هەندێ لە نەخۆشانی شەقیقە بە برسیەتی خراپ دەبن وا باشە بە ڕۆژوو نەبن.



AM:10:27:05/03/2025