تەندروستی کەرکوک ڕایدەگەیەنێت" تیمێکی پزیشکی عێراقی بە سەرکەوتووی نەشتەرگەرییەکی دەگمەنی قەستەرەیان بۆ دوانەیەک ئەنجامداوە کە یەک دڵیان هەیە".
ئارجان محەمەد ڕەشید بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکوک لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" تیمی پزیشکی ئەم نەشتەرگەرییەیان لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵان لە کەرکوک ئەنجامداوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای نەشتەرگەرییەکە باری تەندروستی دایک و دوانەکان جێگیرە.
ئەوەشی خستەڕوو، حاڵەتەکانی دوانە جوتەکان کە تیایدا دوانەکان ئەندامی گرنگی وەک دڵیان هاوبەشە، حاڵەتێکی دەگمەن و ئاڵۆزن کە پێویستیان بە پلانی ورد و کاری نەشتەرگەری هەیە لەلایەن چەند تیمێکی پزیشکییەوە.
باسی لەوەشکرد، لەم حاڵەتەدا چاودێری دووگیانیەکە بە وردبینییەکی زۆرەوە کراوە بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی دایکەکە و دوانەکان.
لای خۆیەوە دکتۆر سوزان وەهبی پزیشکی سەرپەرشتیاری نەشتەرگەریەکە ڕوونیکردەوە کە حاڵەتی دوانە جوتەکان دەگمەنە و ڕێژەی تووشبوونیان بە نزیکەی یەک لە هەر ٥٠ هەزار بۆ ٢٠٠ هەزار لە دایکبوون خەمڵێندراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینیدەکرێت نزیکەی ٤٠ - ٦٠%ی ئەو لە دایکبوونانە بە مردن کۆتایی پێبێت، لە کاتێکدا تەنها نزیکەی ٢٥% لە دوای لە دایکبوون لە ژیاندا بمێننەوە.