پزیشکێکی میسری ڕێنمایی ڕۆژوەوان دەکات کە لە کاتی بەربانگدا لە خواردنی شیرینی دوور بکەونەوە، هەروەها لە چەورییەکانی وەک زەیتی ڕووەکی و خۆبەدوورگرتن لە خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو لە کاتی بەربانگدا، چونکە دەبێتە هۆی هەرس نەکردنی خواردن.
ڕۆژوەوان لە مانگی ڕەمەزاندا دوای نیوەی کۆتایی هەر شەوێک دەستدەکەن بە خواردنی ژەمەکان، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بەڕۆژووبوونی ڕۆژی دواتر زۆر کەس پرسیاری ئەو ژەمە تەندروستانە دەکەن کە یارمەتیان دەدەن لە ڕۆژی بە ڕۆژووبووندا، هەروەها ئەو ژەمانەی کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر جەستەی ڕۆژوەوان هەیە.
دکتۆر ئەسما جەمیل پرۆفیسۆری گەدە و ڕیخۆڵە و ئەندۆسکۆپی لە زانکۆی مەنسورە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی (العربییە) باسی لە ژەمە تەندروستەکان کرد کە یارمەتی ڕۆژووگران دەدەن وزەی جەستەیان لە ڕۆژدا لە کاتی بەڕۆژووبووندا بپارێزن، ئەو پزیشکە ئامۆژگاری ڕۆژوەوان دەکات لە کاتی بەربانگدا خورما بخۆن، چونکە ڕیشاڵ و مەگنیسیۆمی تێدایە، هەروەها دەبێتە هۆی ڕاگرتنی ئاستی شەکری خوێن لە ماوەی ڕۆژووگرتندا.
هەروەها ئامۆژگاری خواردنی خەیار و کەرەوز دەکات، چونکە لە ٩٠%ی ئاوە، هەربۆیە ئەو خواردنانەی ڕێگری لە وشکبوونەوە دەکەن و ڕوودانی هەوکردنی گەدە و برینی گەدە کەم دەکەنەوە.
ئەو پزیشکە پێشنیاریکردووە دووربکەونەوە لە خواردنی شیرینی لە کاتی بەرباندا، هەروەها لە خواردنی چەورییە ئاڵۆزەکانی وەک (زەیتی ڕووەکی) و خۆبەدوورگرتن لە خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاو لە کاتی ئێوارەدا، چونکە دەتوانێت ببێتە هۆی هەرس نەکردنی خواردن لە جەستەدا.
لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستی میسر ئامۆژگاری ڕۆژوەوان دەکات چاو و قاوە لە کاتی ژەمی بەربانگدا کەم بکەنەوە، بە مەبەستی دووربوون لە هەستکردنی بە تینوێتی و وشکبوونەوەی جەستە لە ماوەی کاتژمێرە درێژەکانی ڕۆژووگرتنی ڕۆژی دواتردا.
وەزارەتەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، چا و قاوە دەبێتە هۆی لەدەستدانی شلەمەنی زیاتر لە لەش، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی وشکبوونەوەی لەش، بەتایبەتی ئەگەر ئەمە هاوکات بێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، بەو پێیەی چا و قاوە کافاینیان تێدایە کە گورچیلە هاندەدات بۆ دەردانی میزێکی زیاتر، ئەمەش هەستکردن بە تینوێتی زیاد دەکات لە کاتەکانی بەڕۆژووبووندا.