خواردنی خورما لە مانگی رەمەزاندا سوودی چییە؟

خورما یەکێکە لە خواردنە بە تام و چێژەکان هاوڵاتییان گرنگیەکی زۆری پێدەدەن بە تایبەتی لە مانگی ڕەمەزاندا.

دکتۆر داهات حەوێزی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی و شەکرە و غودە، لە نوسینێكدا ئاماژەی بە گرنگترین سوودە تەندروستییەکانی خواردنی خورما کردووە لە مانگی ڕەمەزاندا کە بریتین لە: 

۱. پێکهاتە خۆراکیه دەوڵەمەندەکان: یەک خورما نزیکەی ۳۰ کالۆری ووزەی تێدایه، زۆربەی پێکهاتەی خورما لە کاربۆهیدرات پێکدێت، بەشەکەی تری بریتیە لە پڕۆتین و کانزاکان و ڤیتامینەکان، بۆیە زۆرجار بە خواردنی چەند دەنکێک خورما هەست بە تێری دەکەیت.

۲. ڕیشاڵەکان: خورما بڕێکی باش لە ڕیشاڵی تێدایە ئەمەش یارمەتی فرمانی کۆئەندامی هەرس دەدات و کێشەی ئازاری گەدە و غازاتی ریخۆڵە و قەبزی ناهێڵێت.

۳. دژە ئۆکسانەکان: خورما بڕێکی باش لە دژە ئۆکسانەکانی تێدایە وەکو Flavonids و Carotenoids و Phenolic acid، ئەم دژە ئۆکسانانە یارمەتی تازەکردنەوەی خانەکان دەدەن و هەوکردن کەم دەکەنەوە و بینین بەهێز دەکەن و ڕێگە لە شێرپەنجەکان و نەخۆشیەکانی دڵ دەگرن.

٤. مێشک بەهێز دەکات: بەهۆی بوونی دژە هەوکردنەکانی وەکو IL-6 خورما ڕێگە لە مردنی خانەکانی مێشک دەگرێت و مەترسی لە بیرچوونەوە و ئەلزەهایمەر کەم دەکاتەوە.

٥. تەندروستی سکپڕی: ئافرەتانی سکپڕ زۆر سوود لە خورما دەبینن بە تایبەتی ئەگەر لە کاتەکانی کۆتایی سکپڕی بیخۆن، بەهۆی بوونی ماددەیەک هاوشێوەی هۆڕمۆنی Oxytocin یارمەتی ئاسان مناڵبون دەدات.

٥. پتەوکردنی ئێسک: بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر لە کالسیۆم و پۆتاسیۆم و فۆسفۆر و مەگنیسۆم، خورما یارمەتی پتەوکردنی ئێسقان دەدات و ڕێگە لە ئێسکە نەرمە و کلۆربونی ددان دەگرێت.

٦. شیرینی سروشتی: خورما شەکری تاکی فرەکتۆزی تێدایە کە شیرینیەکی سروشتی زۆر باشە، دەتوانرێ لە جیاتی شەکری سپی بخورێت، لە جیاتی ئەوەی شەکر بکرێتە چا وە دەتوانرێ بە خورماوە بخورێت، لە کاتی دابەزینی شەکری خوێن باشترین خواردن خورمایه، چونکە شەکرەکەی ناوی شەکری تاکە و ئاسان هەرس دەکرێ و زوو شەکری خوێن ئاسایی دەکاتەوە و زوو دەگاتە خانەکانی مێشک، هەربۆیە سوونەت وایە بە خورما ڕۆژوو بشکێنرێت.  

لە کۆتاییدا داهات حەوێزی هۆشداری دەدات و دەڵێت" ئەو کەسانەی شەکرەیان هەیە نابێت زیادەڕۆی‌ بکەن لە خواردنی خورما، چونکە شەکرە بەرزدەکاتەوە". 



AM:10:30:26/03/2025