د. سەرکەوت رەوف محەمەد ئەمین پزیشکی پسپۆڕی وورد لە نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەرس و جگەر و هەناوبینی (نازوور)، لە بابەتێکدا ڕایگەیاندووە" ڤایرۆسی جگەر بە یەکێک لە نەخۆشییە هەرە مەترسیدارەکان دادەنرێت و ئەگەر لە کاتی پێویست چارەسەری گونجاو بۆ کەسی توشبوو نەکرێت دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی".
ئەو پزیشکە پسپۆڕە ڕاشیگەیاندووە" ئەم نەخۆشیە بۆیە بە مەترسیدار دادەنرێت، دەبێتە هۆی هەوكردنی درێژخایەن یاخود مرۆڤ تووشی مەترسی گیان لەدەستدان دەکات بەهۆی شیبوونەوەی جگەر یان توشبوونی بە شێرپەنجەی جگەر".
د. سەرکەوت هەر لە بابەتەکەیدا باسی لە نیشانەكانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر کردووە کە بەمشێوەیە:
لە هەندێک کات نیشانەکانی نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر دیاریکراو نییە، بەڵام هەندێك نیشانەی سەرەكی هەیە كە بریتین لە:
- بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش و ئارەق كردنەوە.
- ئازاری ئێسك و ماسولكە.
- ئازار لەبەشی سەروەی لای ڕاستی سك.
- دڵ تێكەڵهاتن و ڕشانەوە.
- بێ هێزی و كەمبوونەوەی توانای خواردن.
- ڕەنگی میز دەگۆرێت بۆ رەنگی تۆخ.
هاوکات ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگوازرێتەوە، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بە چەند ڕێگە و شێوازێک دەگوازرێتەوە لەوانە:
گواستنەوەی لەدایكەوە بۆ كۆرپەلە لەكاتی لە دایكبوون یان لە ماوەی دووگیانیدا.
پەیوەندی نزیك لەگەڵ كەسی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، چونكە ڤایرۆسەكە توانای گواستنەوەی هەیە.
بەكارهێنانی دووبارەی دەرزی و ئامێرە پزیشكیە پیسبووەكان بەم ڤایرۆسە بەتایبەتی دەرزی.
توشبوون بەئایدز و لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش.
بەهۆی داهێنانەكانی بواری پزیشكی لە ئێستادا كوتان دژی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر هەیە و بەهۆی وەرگرتنی ڤاكسینەوە دەتوانرێت تا ڕێژەی ٩٥% ڕێگە لەم نەخۆشیە بگیرێت، بۆیە پێویستە ئەو كەسانەی مەترسی توشبوونیان لێدەكرێت ڤاكسین وەربگرن بەتایبەتی ئەوانەی لە ناوەندە تەندروستیەكان كاردەكەن.