وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لەمساڵدا ١٤ حاڵەتی تای خوێنبەربوون و دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان لە سەرتاسەری عێراق تۆماركراوە".
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە" لەمساڵدا ١٤ حاڵەتی تای خوێنبەربوون و دوو حاڵەتی مردن لە سەرانسەری عێراق تۆماركراوە کە شەش حاڵەت لە پارێزگای زیقار، چوار لە كەركوك، و یەك حاڵەت لە هەریەك لە بەغدا و موسەننا، نەینەوا و بەسرە تۆمارکراوە".
ئاماژەی بەوەشكردووە، دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان لە پارێزگای كەركوك تۆماركراوە، یەكێكیان كارمەندی وەزارەتی تەندروستی بووە.
سەیف بەدر ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی تووشبوونەكان لەنێو ئاژەڵدارەكاندا تۆماركراون، و ئەگەر تووشبوونەكە زوو دەستنیشانبكرێت، مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و چارەسەری بۆ دەكرێت.
هەروەها بەدر داوا لە هاوڵاتییان دەکات سەردانی بنكە تەندروستییەكان بكەن، ئەگەر نیشانەكانی نەخۆشیەكە دەركەوت.
ڕوونیشیكردەوە، تای خوێنبەربوون لە كۆتاییەكانی حەفتاكانی سەدەی ڕابردووەوە بڵاوبووەتەوە، نەخۆشییەكی ڤایرۆسی مەترسیدارە كە لەلایەن ئاژەڵە تووشبووەكانەوە یان گۆشتەكانیانەوە دەگوازرێتەوە، هەروەها تووشی مانگا و مەڕ و ئاژەڵەكانی دیكە دەبێت.
هەروەها وتیشی" ساڵی ڕابردوو ژمارەی تووشبووان و گیان لەدەستدان تۆماركراو بوو، وەزارەتی تەندروستیش توانی ئەو نەخۆشییە كۆنتڕۆڵ بكات، جەختی لەسەر پێویستی هەڵگرتنی گۆشت لە پلەی گەرمی نزم و كوڵاندنی لە پلەی گەرمی بەرزدا كردەوە".