وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە تۆمارکردنی پێنج حاڵەتی نوێی تای خوێنبەربوونی ڕاگەیاند و دووپاتیکردەوە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ١٩ کەس.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ڕایگەیاند" دۆخی پەتازانی سەبارەت بە تای خوێنبەربوون بۆ ١٩ حاڵەت بەرزبووەتەوە دوای ئەوەی پێنج حاڵەتی نوێ تۆمارکران".
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکە دوو حاڵەتی مردنی لەنێو ئەو کەسانەدا تۆمارکردووە کە تووشی تاکە بوون.
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکوک، تۆمارکردنی هەر حاڵەتێکی نوێی تای خوێنبەربوونی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، تەنها چوار حاڵەت لە پارێزگاکە تۆمارکراون، لەنێویاندا دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان هەن.
هەروەها سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم، ئەمڕۆ ڕایگەیاند" وەزارەت هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە ناوچەکان یان شارەکانی هەرێم تۆمارنەکردووە، سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک لە پارێزگاکانی عێراقدا بڵاوبووەتەوە".