ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی نیسان حاڵەتێکی دیکەی گیان لەدەستدان بەهۆی نەخۆشی تای خوێنبەربوونەوە لە هەردوو پارێزگای کەرکوک و موسەنا تۆمارکرا.
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە پارێزگای کەرکوک، ڕایگەیاند" ئەمڕۆ سێیەم حاڵەتی گیان لەدەستدان، بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە لە کەرکوک تۆمارکراوە".
ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیکردەوە، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە پیاوێکی تەمەن ٥٢ ساڵە و کاری قەسابی دەکرد، پێدەچێت لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گۆشت یان ئاژەڵەوە تووشی ڤایرۆسەکە بووبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، حاڵەتێکی دیکەی مەترسیدار تۆمارکراوە کە ژنێکی گەنجی تێدابووە کە لە تاقیگەیەکی پزیشکیدا کاردەکات، دواتر دوای تووشبوونی بە نەخۆشییەکە لە کاتی کارکردن بۆ چاودێری چڕ گواستراوەتەوە.
دووپاتیکردەوە کە بەرپرسانی تەندروستی هەڵمەتی تەعقیمکردن و شوێنپێهەڵگرتنی بەرکەوتنیان دەستپێکردووە، هەروەها هۆشدارییان سەبارەت بە سەربڕینی بێ جیاوازی و مامەڵەکردنی نادروستی گۆشت دەرکردووە.
هەروەها میدیاکانی عێراق ئاماژە بەوەدەکەن، هەر ئەمڕۆ دووەم حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای موسەنا تۆمارکراوە.
دەشڵێن" ئەو کەسە لە نەخۆشخانەی فێرکاری ئەلحوسێن لە موسەنا گیانی لەدەستداوە".
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق، تائێستا پێنج كەس بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە سەرتاسەری عێراق گیانیان لەدەستداوە كە سێ کەسیان لە شاری كەركوك بوون.