ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەبارەى بەرگرتن و خۆپارێزی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی بەدواداچوونی بۆ چۆنییەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە كرد، لە نزیكەوە ڕاو سەرنجی ئامادەبووانی وەرگرت و دواتر لە پێناو كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان و ڕێگەگرتن لە مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە چەند بڕیارێك درا کە بریتین لە:
یەكەم: بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەی كوشتارگەكان بەبێ پشكنینی ڤێتەرنەری سەرببڕدرێت، لە بەردەم دوكان و شەقامەكان، لە ماڵان، ئەركی قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێ و شارەوانی و لیژنەكانی تەندروستی و لیژنەی چاودێری بازاڕە، ڕێگری لەو كارە بكەن، هەركەس و لایەنێك سەرپێچی بكات ڕێكاری توندی یاسایی لە بەرانبەردا بگیرێتەبەر.
دووەم: قەسابەكان پابەندن بن بە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان بە لەبەركردنی كەلوپەلی خۆپارێزی.
سێیەم: پێویستە هاووڵاتییان گۆشتی سوور لە شوێنی ڕێگەپێدراو بكڕن و دەستكێش لەدەست بكەن، هیچ برینێك نەبێت و تەختەی لە تكردنی گۆشت لە تەختەی لەتكردنی سەوزە جیاواز بێت.
چوارەم: بەهاوكاریی یەكە كارگێڕییەكان، دەست بكرێت بە هەڵمەتی شوشتن و ڕشاندنی ئاژەڵی خۆماڵی.
پێنجەم: لەلایەن هۆبەكانی ڤێتەرنەری و موختاری گوندەكان، هەموو ئەو هاووڵاتییانەی خاوەنی ئاژەڵن و كاری ئاژەڵداری دەكەن، ئاگادار بكرێنەوە لە ڕشاندنی ئاژەڵەكانیان بە دەرمانی دژە (قڕنە) كە ئێستە بەردەوامە.
شەشەم: ڕشاندنی گۆڕەپان (مەیدان)ی ئاژەڵان بەگشتی.
حەوتەم: خاوەنی كێڵگەكان و بازرگانانی ئاژەڵان، دەبێت پابەند بن بە ڕشاندنی ئاژەڵەكانیان بە سەرپەرشتیی ڤێتەرنەری.
هەشتەم: دەبێت باخچەكانی ئاژەڵانی سنووری پارێزگای هەولێر، لەژێر سەرپەرشتیی ڤێتەرنەری هەموو ئاژەڵەكانیان بشۆن و بڕشێنن.
نۆیەم: هاتنی ئاژەڵ و گۆشت لە دەرەوەی شاری هەولێر بەبێ پشكنینی ڤێتەرنەری و پزیشكی، بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.