حاڵەتێكی نوێی توشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێم تۆماركرا

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" حاڵەتێكی نوێی توشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمارکراوە". 

ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بڵاویکردەوە" حاڵەتێکی دیکەی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمارکرا كە ئافرەتێکی دانیشتوی بەعاجی سەر بە پارێزگای موسڵ و تەمەن ٢٧ ساڵ و پیشەی ئافرەتی ماڵە". 

تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای دەستنیشانكردنی وەك توشبووی تای خوێنبەربوون لە ئێستادا لە شاری هەولێر لە ژێر چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت.

وەزارەتەكە ئاشکراشیکردووە، پێشتریش دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لە ماوەی مانگی ڕابردوو، دەرەنجام تەنیا دوو حاڵەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراونەتەوە کە بەداخەوە حاڵەتێکیان لە شاری دهۆک بوو کە هەفتەی ڕابردوو لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانی لەدەستدا و حاڵەتی دووەم بە تەواوی چاکبووەوە و لە نەخۆشخانە دەرچووە.



PM:08:54:18/05/2025