ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی لە ئیدارەی سهربهخۆی زاخۆ، یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوونی لە شارەکەدا ڕاگەیاند.
دکتۆر سیروان ئەحمەد بەڕێوەبەری تەندروستی زاخۆ ڕایگەیاند" تووشبووەکە پیاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵە و خەڵکی ناحیەی بێکۆڤای سەر بە قەزای باتیڤا، باکووری زاخۆیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەرکەوتووە، ئەمەش پێویستی بە وەرگرتنی نمونە و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی هەبووە، پاشان ئەم پشکنینانە ڕەوانەی تاقیگەی تایبەتمەندی ناوەندی لە بەغدا کران بۆ ئەوەی بە وردی حاڵەتەکە دەستنیشان بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ ئەنجامی پشکنینەکان دەرچووە و پۆزەتیڤ بووە، ئەوەش پشتڕاستیکردووەتەوە کە تووشی نەخۆشییەکە بووە، لە ئێستادا باری تەندروستی جێگیرە، هەروەها لە ماڵەوە چاودێری پزیشکی پێویست وەردەگرێت لە ژێر چاودێری ورد و چاودێری تیمە پزیشکییە تایبەتمەندەکان.