پسپۆڕێکی خۆراک لەبارەی پەیوەندی نان و قەڵەوییەوە روونیکردووەتەوە، نان بڕێکی زۆر کالۆری تێدا نییە و تەنانەت نابێتە هۆی قەڵەوی و کێش زۆری.
کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک لە پەڕەی فەرمی خۆی ژمارەیەک رێنمایی لەبارەی خواردنی نان و قەڵەوییەوە بەمجۆرە خستووەتە ڕوو:
یەکەم: ئەو زیانانەی کە باس کراون بریتین لە زیانەکانی ئاردی سپی واتە ئاردی سفر، هەموو پسپۆڕان کۆکن لە سەر ئەوەی کە پێویستە نان لە ئاردی بۆر دروست بکرێت، چونکە ئاردی بۆر وەک دانەوێڵە تەواوەکان پۆلێن دەکرێت و هەر سێ پێکهاتووەکانی گەنمی تێدایە، لە کاتێکدا ئاردی سپی تەنها لە ( Endosperm ) دروستدەکرێت و بەشی زۆری ڕیشاڵ و ڤیتامین و کانزاکانی تێدا نییە.
دووەم: نان بڕێکی زۆری کالۆری تێدا نییە واتە بە تەنها نابێتە هۆی قەڵەوی و زۆری کێش، بەڵام نانێک کە لە ئاردی سپی دروستکرابێت یەکێکە لەو خۆراکانەی کە دەبێتە هۆی قەڵەوی ورگ، بە هۆی کەمی ماددە ڕیشاڵییەکان و بەرزی glycemic index ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە زیاتر دەکات، ئاردی بۆر و ئاردی گەنمەشامی و شۆڤان و ئاردی جۆ و ئاردی بادام باشترن و مرۆڤ درەنگتر هەست بە برسییەتی دەکات.
سێیەم: بڕی ڕێگەپێدراو ڕۆژانە لە ئارد بە شێوەیەکی گشتی بریتیە لە ( ١٧٨ گرام ) بەڵام ئەو ڕێژەیە بە پێی جۆری خواردن و پیشە و چالاکی جەستە و ئەنجامدانی وەرزشەوە دەگۆڕێت، واتە ڕۆژانە نزیکەی دوو نانی بازاڕ بەڵام لە خۆراکی تری وەک پیتزا و کێک و ئیشی هەویر و پسکیت ئارد هەیە.
چوارەم: لە کوردستانی باشوور نانی بازاڕ بڕی زیاتری لێدەخورێت کاتێک گەرم بێت و نانی تیری و هەورامی کەمتری لێ دەخورێت.
پێنجەم: ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دانیشتووان ماددەی گلوتینی ناو گەنم و جۆیان پێ ناکەوێت و هەرسی ناکەن، لە ئەمریکا ڕێژەی ( ٪٧) دانیشتووان ئەم حاڵەتەیان هەیە، واتە زۆرینەی خەڵک ئەو کێشەیان نییە و ئاردی سپی بڕی گلۆتینی زیاتری تێدایە.
شەشەم: بوونی ڕەشکە و شمڵی و تۆوەکانی تر لە ناو نانی ئاردی بۆر سوودەکانی زیاد دەکات، بەکارهێنانی خومرە لە بری سۆدە بژاردەیەکی زۆر تەندروستە.
حەوتەم: گرنگترین هۆکاری قەڵەوی بریتییە لە خواردنی بڕی زیاتر لە پێویستی جەستە لە کالۆری لە ڕۆژێکدا، خواردنی دەوڵەمەند بە کاربۆهێدراتی ساددەی وەک ئاردی سپی و برنجی سپی و شەکری دروستکراو لەگەڵ شیرینی بڕێکی زۆر لە کالۆری تێدایە، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی زوو برسیبوونەوە ، بەڵام ماددە پڕۆتینەکان ماوەیەکی زۆر زیاتری دەوێت تا هەرس دەکرێن و درەنگتر برسیت دەبێتەوە، کەس نییە بە نان و ماست یان نان و تەماتە قەڵەو بێت بەڵکو کۆی خۆراکی خوراو و جۆرەکەی بە درێژایی ڕۆژەکە پێویستە ئەژمار بکرێت.
هەشتەم: لە کۆتاییدا کاتی ئەوە هاتووە کە رۆژانە نانی ئاردی بۆر لە بری نان و سەموونی ئاردی سپی بخورێت.