بۆچی لە وەرزی پایزدا هەست بە ماندوویەتی دەکرێت؟

زۆرێک لەگەڵ ساردبوونەوەی کەشوهەوا و دەستپێکی پاییزی درێژدا، گۆڕانکارییەک لە ئاستی وزەی ڕۆژانەیاندا هەست پێدەکەن، کە بە "ماندوێتی پاییزی” ناسراوە. ئەمە تەنیا گۆڕانێکی کاتیی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی ڕاستەقینەیە کە بەهۆی تێکەڵاوبوونی چەندین هۆکاری بایۆلۆجی، کەشوهەوایی و دەروونی ڕوودەدات.

 هۆکارە بایۆلۆجی و کەشوهەواییەکان
گۆڕانی کاتی ڕۆژ و شەو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر " کاتژمێری بایۆلۆجی" جەستە هەیە:

کەمبوونەوەی ڕووناکی ڕۆژ: کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی ڕووناکی ڕۆژ لە پاییزدا دەبێتە هۆی:
کەمبوونەوەی سێرۆتۆنین: ڕووناکی سروشتی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەردانی هۆرمۆنی سێرۆتۆنین (کە پەیوەندی بە باشبوونی باری دەروونی و وزەوە هەیە).
زیادبوونی میلاتۆنین: لە بەرامبەردا، دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆنین (کە هۆکاری خەواڵووییە) زیاد دەکات. ئەم تێکچوونە هۆرمۆنییە دەبێتە هۆی سستبوون و زەحمەتی لە تەرکیزکردندا.

تێکچوونی کاتی خەو: گۆڕینی کات (لە هاوینییەوە بۆ زستانی) لەگەڵ پشت بەستن بە ڕووناکی دەستکرد لە ئێواراندا، دەبێتە هۆی تێکچوونی کاتی خەوتن و هەستان، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆئەندامی دەمار و توانای هزری دەبێت.

ماندوێتی پاییزی ناتوانرێت لە دۆخی گشتی ساڵەکە جیا بکرێتەوە, زۆرێک لە هاویندا بەردەوام لە پێشبڕکێدان لە نێوان کار، گەشت و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەبێ وەرگرتنی پشووی ڕاستەقینە, هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی ژاوەژاوی هاوین و خاوبوونەوەی ژیان لە پاییزدا، ئەم ماندوێتییە کەڵەکەبووە بە شێوەی خەواڵوویی، بێهێزی جەستەیی و دەروونی، و لەدەستدانی هاندەر دەردەکەوێت.

کاریگەری کەمبوونەوەی ڕووناکی تەنها لەسەر وزە نییە، بەڵکو دەگاتە تەندروستی دەروونی:

خەمۆکی وەرزی (SAD): کەمیی ڕووناکی سروشتی پەیوەندی بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە تێکچوونی خەمۆکی وەرزییەوە هەیە، کە جۆرێکە لە خەمۆکی و لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکاندا دەردەکەوێت.

نیشانەکان: نیشانەکانی (SAD) بە گشتی لەگەڵ کۆتایی پاییز دەستپێدەکات و بریتین لە خەمباری، سستبوون، زۆر خەوتن، زۆر خواردنی کاربۆهیدرات، و لاوازیی تەرکیز.

هەندێک خووی ڕۆژانە قورسی ماندوێتی پاییزی زیاد دەکەن:

ڕووناکی شاشەکان: مانەوەی زۆر لە بەردەم شاشەکان (کۆمپیوتەر، مۆبایل) ڕووناکیی شین دەردەکەن کە کاتژمێری بایۆلۆجی تێکدەدات و کاریگەری نەرێنی لەسەر کوالێتیی خەو دەبێت.

دانیشتنی بەردەوام: دانیشتنی زۆر لە ئۆفیسەکاندا سووڕی خوێن لاواز دەکات و ئاستی وزە دادەبەزێنێت.

خواردنی ناتەندروست: پشت بەستن بە ژەمە خێراکان و خواردنەوە پڕ لە کافایین و شەکرەکان وزەیەکی کاتی دەدات، کە زوو بە دوایدا دابەزین و ماندوێتی دێت.

 هەنگاوە کردەییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ماندوێتی پاییزی

بەم هەنگاوە سادانە دەتوانرێت هاوسەنگی بۆ جەستە و مێشک بگەڕێنرێتەوە:

بەرکەوتنی ڕووناکی سروشتی: بەیانیان پاش هەستان ڕاستەوخۆ خۆت بخەرە بەر تیشکی خۆر، چونکە ئەمە دەردانی میلاتۆنین کەم دەکاتەوە و هەست بە وریایی زیاتر دەکەیت. دەتوانرێت ڕۆژانە بۆ ماوەی 30 خولەک گڵۆپی لاساییکەرەوەی ڕووناکی سروشتی بەکاربهێنرێت.

ڕێکخستنی خەو:بە پێچەوانەی گۆڕانی کاتژمێرەکانی ڕۆژەوە، کاتی خەوتن ڕێکبخە، و پلەی گەرمای ژووری خەوتن لە دەوری 19 پلەی سەدی بهێڵەرەوە، کە پلەیەکی گونجاوە بۆ خەوێکی قووڵ.

خۆراکی هاوسەنگ:هەموو ڕۆژێک لە کاتێکی دیاریکراودا نانی بەیانی بخۆ بۆ ڕێکخستنەوەی کاتژمێری بایۆلۆجی. ژەمەکانت با پڕۆتین، سەوزەوات و دانەوێڵەی تەواو لەخۆ بگرێت بۆ دابینکردنی وزەیەکی جێگیر.

چالاکی جەستەیی: وەرزشی سووک یان ڕۆیشتنی ڕۆژانە لە دەرەوە ئەنجام بدە بۆ چالاککردنی سووڕی خوێن و باشترکردنی باری دەروونی.

پشووی دروست و گرنگیدان بە دەروون:لە کاتی کارکردندا پشووی کورت بدە بۆ وەرگرتنەوەی تەرکیز. بە ئاگایی مامەڵە لەگەڵ ماندوێتی وەرزی بکە و خۆت لە فشاری زۆر بەدوور بگرە.

ماندوێتی پاییزی بە واتای کۆتایی هاتنی وزە نییە، بەڵکو دەکرێت بە ڕێکخستنی خەو، بەرکەوتن بە ڕووناکی و چالاکی جەستەیی، بکرێتە وەرزی نوێبوونەوە و وزەیەکی ئەرێنی.



PM:01:07:10/11/2025