ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ئایدزە
ساڵی رابردوو ١.٣ ملیۆن تووشبووی نوێ تۆمارکراون

رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ئایدزە و بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی، ٤٠ ملیۆن تووشبوو بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن.

تەنیا ساڵی رابردوو ١.٣ ملیۆن تووشبووی نوێ تۆمارکراون و زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

رۆژی ١ـی ١٢ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کۆنیشانەی لاوازبوونی بەرگریی جەستە AIDS و لە هەموو جیهاندا کار دەکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەپێناو خۆپاراستن لەم نەخۆشییە و رەچاوکردنی مەرجەکانی خۆپارێزی. بەتایبەت لە وڵاتە تازەگەشەسەندوو و کەمداهاتەکان.
 
ئایدز، یان کۆنیشانەی لاوازبوونی بەرگریی جەستە، یەكەمجار لە ساڵی ١٩٨١ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا دۆزرایەوە، له‌ ‌ساڵی ١٩٨٦ یه‌كه‌مجار له‌ عێراق ئایدز ده‌ستنیشانكرا و ٢٧٣ تووشبوو تۆماركران، تاوەکو ساڵی ٢٠٠٧ ژمارەی تووشبووان ٤٧٥ کەس بوو، به‌ڵام له ‌ساڵی ٢٠١٧ ژمارەی تووشبووان بووە ١٨٥ کەس. لە ساڵی ٢٠١٨ـەش‌ گه‌یشته‌ ٢٢٤ كه‌س، ژمارەی تووشبووانیش ساڵانە زیاد دەکات و ئێستا بەگوێرەی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق، ٢٨٨١ تووشبووی تۆمارکراوی ئەیدز لەنێو عێراقدا هەن.
 
بەگوێرەی ئامارەکان ساڵی رابردوو ژمارەی تووشبووانی ئایدز لە هەرێمی کوردستان بووە ١١٦ تووشبوو، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠٢٣ ئەو ژمارەیە ٩٠ تووشبوو بوو. ئاماری پارێزگاکانیش بەم شێوەیە بووە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ (هەولێر ٦٤ تووشبوو، سلێمانی و هەڵەبجە ٣٧ تووشبوو، دهۆک ١٥ تووشبوو).




AM:11:38:01/12/2025