ئایا پەیوەندی لە نێوان ڤاکسینی کۆڤید-١٩ و دابەزینی ڕێژەی دووگیانبوون هەیە؟


لە توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی زانکۆی لینشۆپینگ لە سوید، دەرکەوت کە ڤاکسینی کۆڤید-١٩ mRNA کاریگەری لەسەر ڕێژەی منداڵبوون نییە، ئەمەش کۆتایی بەو مشتومڕە هێنا کە لە سەردەمی پەتاکەدا بڵاوبووبووەوە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان کوتان و منداڵبوون.

توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری Communications Medicine بڵاوکراوەتەوە، ڕوونی دەکاتەوە کە "داتای نزیکەی ٦٠ هەزار ژنی تەمەن ١٨ بۆ ٤٥ ساڵ لە ناوچەی یۆنشۆپینگ شیکردەوە و تۆماری کردووە، لە کۆی گشتی دانیشتوانی ٣٦٩ هەزار لە پارێزگاکە، کە ٧٥%یان لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٤ یەک یان زیاتر لە ژەمەکانی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە."

توێژەران ڕێژەی دووگیانبوون و لەبارچوونیان لە نێوان ژنانی کوتراو و نەکوتراو بەراورد کردووە و هیچ جیاوازییەکی ئامارییان نەدۆزیوەتەوە، ئەمەش پشتڕاستی کردەوە کە ڤاکسینەکە ڕۆڵی نییە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی دووگیانبوون. تۆماس تەمپکا، مامۆستای پزیشکی کۆمەڵایەتی لە زانکۆکە دەڵێت: "ئێمە بەو ئەنجامە دەگەین کە پێناچێت ڤاکسینی mRNA هۆکاری دابەزینی رێژەی دووگیانبوون بێت لە کاتی پەتاکەدا، هەروەها هیچ جیاوازییەک نابینین لەنێوان ئەوانەی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و ئەوانەی نەیانکردووە، چ لە ڕێژەی دووگیانبوون و نە لە ڕێژەی لەباربردن".

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە "کەمبوونەوەی توانای منداڵبوون لە سوید هۆکاری دیکەی هەیە، لەوانە گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان کە لە ئەنجامی دابەزینی ڕێژەی دووگیانبوون لە ساڵانی نەوەدەکاندا دروستبووە، هەروەها نیگەرانییە تەندروستی و ئابووری و ڕەفتارییەکانی پەیوەست بە ماوەی داخستن لە کاتی پەتاکەدا”.

بەهێزی توێژینەوەکە لە قەبارەی نمونەی گەورەی و نوێنەرایەتیکردنی دانیشتوواندایە، جگە لەوەی تەمەن وەک هۆکارێکی کاریگەر لەبەرچاو دەگیرێت، ئەمەش متمانەی زیاتر بە ئەنجامەکانی دەبەخشێت و متمانە بە سەلامەتی ڤاکسینەکانی Covid-19 لەسەر توانای منداڵبوون زیاد دەکات.



PM:01:15:08/02/2026