بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوایدا هۆکاری نەمانی دەرمانی تەگریتۆڵ کە تایبەتە بە نەخۆشی پەرکەم ئاشکرا دەکات.
دوو شەممە، ٤ ئایار ٢٠٢٦، دکتۆر گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند " دەرمانی تەگریتۆڵی ئەسڵی هی کۆمپانیای نۆڤارتیسە، ئەو کۆمپانیایە بە تەواوی لە عێراق کشاوەتەوە و نەماوە، سەبارەت بە جۆرەکانی دیکەی دەرمانیش وەک کاربامازەپین کە لە بازاڕدا هەن، هەندێک کۆمپانیا وەک ئاریستۆ بەرهەمەکانیان تۆمار نەکردووە".
"پڕۆسەی هێنانە ناوەوەی ئەم جۆرە دەرمانانە کاتێکی زۆری دەوێت، چونکە ئەم دەرمانە بۆ مەبەستی دیکەش بەکاردێت و پێویستی بە کۆنتڕۆڵی ورد هەیە"، ، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان وا دەڵێت.
نەخۆشانی پەرکەم ناتوانن بە ئاسانی جۆری دەرمانەکانیان بگۆڕن، چونکە جەستەیان لەسەر جۆرێکی دیاریکراو راهاتووە و گۆڕینی دەرمانەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستییان دروست دەکات.
نەخۆشی پەرکەم، نەخۆشیەکی درێژخایەنی کۆئەندامی دەمارە و دەبێتەهۆی تێکچوون و چالاکیە کارەباییەکانی مێشک و گۆڕانکاری لە رەفتار و هەستەکاندا دروست دەکات، نیشانە سەرەکییەکانی ئەم نەخۆشیە بریتین لە:
-لەرزین و گرژبوونی ماسولکەکان.
-لەدەستدانی ئاگا.
-رەقبوونی جەستە.
-نیسانەی دەروونی، وەک ترسی لەناکاو و دڵە ڕاوکێ.