ڤەیپکێشان لەناو قوتابخانە ئامادەییەکان بووەتە لادانێکی باوی کۆمەڵایەتی

توێژینەوەیەکی زانکۆی سلێمانی دەریدەخات، ڤەیپکێشان بە چەندین هۆکار بووەتە لادانێکی باوی کۆمەڵایەتی لەنێو قوتابخانە ئامادەییەکان و ئەمە لەنێو هەردوو رەگەزەکەدا هەیە.

بەهار حەسەن، ماستەر لە کۆمەڵناسی و خاوەنی توێژینەوەکەی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی راگەیاند، ئامانجی توێژینەوەکە باسکردنی لادانێکی کۆمەڵایەتییە لەنێو خوێندنگە ئامادەییەکانی شاری سلێمانی کە کێشانی ڤەیپە و بەچەندین هۆکار ئەم لادانە کۆمەڵایەتییە لە خوێندنگاکان بوونەتە باو کە بریتین لە: نرخی هەرزانە، بۆنی ناخۆشی نییە، بە چەندین تام و بۆن بەردەستە، هەڵگرتن، گواستنەوە و شاردنەوەی ئاسانە.

ئەو قوتابییانەی ئامادەیی کە ڤەیپکێش بوون و توێژینەوەیان لەسەر کراوە، قسەیان بۆ توێژەرەکە کردووە و ئەم نیشانانەیان هەبووە؛ (هەناسەتەنگی، زەردبوون و کلۆربوونی ددانەکان، شینبوونەوەی لێوەکان و دەوروبەری چاوەکان، بۆنی ناخۆشی دەم، کەمخەوی، کەمیی سەرنج، ناڕێکیی سووڕی مانگانە، زەردوویی، قژهەڵوەرین، سەرسووڕان، زووهەڵچوون و تووڕەبوون).

بە پێی توێژینەوەکە ڤەیپکێشان لە خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان هەیە و هۆکارەکانی دەکرێت ئەمانەی خوارەوە بن؛

- قۆناخی نەوجەوانی و رەفتارە هەڵەشەییەکانی ئەو تەمەنە

- حەزی تاقیکردنەوە

- چەپاندن و سەرکوتکردن

- خۆبەکەمزانین

- چاولێکەری و لاساییکردنەوە

- بوونی کاتی بەتاڵ

- بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان

- وازهێنان لە جگەرەی ئاسایی

- پەروەردە، رەفتار و بارودۆخی خێزان

- ژینگەی نالەباری خوێندنگە

- هاوڕێ و هاوتەمەن

- دۆخی دارایی خێزان

- بارودۆخی سیاسیی وڵات و ئەو ژینگەیەی تاک تێیدا دەژی

بە پێی لێدوانی توێژەرەکە بۆ تەلەفزیۆنی رووداو، ئەو قوتابییانەی توێژینەوەیان لەسەر کراوە چەندین لێکەوتەی کۆمەڵایەتی، دەروونی و جەستەییانە درکپێکردووە، تەنانەت هەستیشیان بە خەمێکی گەورە کردووە کە پێیان وایە کارێکی هەڵە دەکەن، بەڵام بەهۆی ئالوودەبوونیان پێوەی، بە ناچاریی دەیکێشن و ناتوانن دەستبەرداریببن، تەنانەت ئەوانەشی کە لەهەوڵی ئەوەدان لێی دووربکەونەوە، دەبینن هاوڕێکەیان یان گرووپێک لەهاوڕێیان یان لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە یان ئەندامانی یەکێک لەخێزانەکەی ڤەیپ دەکێشێت، ئیدی ناتوانن خۆڕاگر بن و دەستبەرداری نابن.

لە توێژینەوەکە چەند راسپاردەیەک ئاڕاستەی چەندین لایەن کراوە، بەتایبەت بۆ پەرلەمانی کوردستان پێشنیاز کراوە کە یاسایەک دەربکات، ئەوانەی ڤەیپدەکێشن تەمەنیان سەروو ٢٠ ساڵ بێت و بە پێچەوانەوە سزا بدرێت، چونکە لەو تەمەنەدا قۆناخی نەوجەوانی بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت و قۆناخی ئاقڵیی و سەقاگیریی دەروونی دەستپێدەکات.

پاشانیش داوایەک ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە کرا کە رێگری لە رێکلامی چۆنیەتیی ڤەیپکێشان و فرۆشتنی بەرهەمەکانی دووکەڵ بکەن، هەروەها پڕۆگرامی تایبەتیان هەبێت بە هۆشیارکردنەوەی قوتابییان لە مەترسییەکانی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان. پاشانیش پەنابردن بۆ رێنماییکاری پەروەردەیی و دەروونی گرنگە بۆ هاوکاریکردنی ئەو قوتابییانەی دەیانەوێت لەو بەرهەمانە دووربن.





AM:10:44:06/06/2026