زانست پێنج نیشانەی سەرەتایی
دەرکەوتنی "زەهایمەر و تێکچوونی عەقڵ" دەستنیشان دەکات؛ یەکێکیان ڕەنگە
لە کاتی شۆفێریدا هەستی پێبکەیت.
ناسینەوەی نیشانە
ئاگادارکەرەوە سەرەتاییەکانی تێکچوونی عەقڵ زۆر گرنگە، چونکە دەرفەتی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکە
دەڕەخسێنێت، بەمەش دەکرێت ڕێکاری پێشوەختە بگیرێتەبەر کە دەرکەوتنی هەندێک نیشانەی
توندتر دوا بخات و یارمەتی نەخۆشەکان بدات کوالیتییەکی باشتری ژیانیان هەبێت.
کۆمەڵەی زەهایمەری بەریتانیا
ڕایگەیاند: "لەم کاتەدا هیچ چارەسەرێکی بنبڕ بۆ تێکچوونی عەقڵ نییە، بەڵام ناسینەوەی
نیشانە سەرەتاییەکان هێشتا هەر بە زیندوویی و گرنگی دەمێنێتەوە".
لەگەڵ بوونی ئەنجامی ئەرێنی
لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا، دەستنیشانکردنی پێشوەختە و ورد پێویست دەبێت بۆ دیاریکردنی
ئەو نەخۆشانەی کە شایستەی وەرگرتنی چارەسەری ڕێگرییکردنن لە نەخۆشییەکە لە کاتی
گونجاودا.
گرنگە ئەوەشمان لەیاد
بێت کە چەندین ڕێگا هەن دەتوانین لە ڕێگەیانەوە پاڵپشتی نەخۆشەکان بکەین بۆ ئەوەی
ژیانێکی بە شکۆ لەگەڵ تێکچوونی عەقڵدا بەسەر ببەن، تەنانەت لە نەبوونی ئەو دەرمانانەشدا
کە پێشکەوتنی نەخۆشییەکە خاو دەکەنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ڕۆژنامەی
"نیویۆرک تایمز"ەوە بڵاوکراوەتەوە پێنج نیشانەی باو لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا
هەن کە بە ئاسانی دەبینرێن و دەکرێت لە ڕێگەیانەوە بگەیەتە ئەو ئەنجامەی کە کەسەکە
لە لێواری تووشبووندایە بە تێکچوونی عەقڵ، لەوانەش باوترین نەخۆشی کە زەهایمەرە.
لەدەستدانی یادەوەری یەکێکە
لە باوترین ئەو نیشانانەی کە پەیوەستن بە تێکچوونی عەقڵەوە، بەتایبەتی نەخۆشی زەهایمەر.
ئەگەرچی ئەمە نیشانەیەکی گرنگی بوونی کێشەیەکە، بەڵام تاکە نیشانەی ئاگادارکەرەوە
نییە کە پێویستە ئاگاداری بیت.
لە ڕاستیدا، نیشاندەرە
گرنگەکانی دیکەی تێکچوونی عەقڵ، سەرەڕای ئەوەی ڕۆڵێکی سەرەکییان لە دەستنیشانکردنی
پێشوەختەدا هەیە، زۆرجار پشتگوێ دەخرێن؛ هەرچەندە زۆرێک لەم نیشانانە دەکرێت بخرێنە
پاڵ ڕووداوی کاتیی کەسی یان هۆکاری دیکە، بەڵام نابێت چاوپۆشییان لێ بکرێت.
پێنج نیشانە سەرەتاییەکە
ئەمانەن:
یەکەم: گۆڕانی کەسایەتی
توێژینەوەیەک لەلایەن
ئەنجێلینا سوتۆن، مامۆستای زانستە ڕەفتارییەکان لە زانکۆی ویلایەتی فلۆریدا، دەریخستووە
کە ئەو کەسانەی تووشی تێکچوونی عەقڵ دەبن، زۆرجار پێش ئەوەی دابەزینی توانای ناسینەوەیان (Cognitive decline) بەدیار بکەوێت، گۆڕانکاری لە کەسایەتییاندا ڕوودەدات. تێبینی
کراوە کە کشانەوە لە کۆمەڵایەتیبوون، کەمبوونەوەی دۆستایەتی و ویژدان لە ڕەفتاریاندا
دەردەکەوێت و ئەم گۆڕانکارییانەش لەگەڵ پێشکەوتنی نەخۆشییەکەدا خێراتر دەبن. ئەم گۆڕانکارییانە
لە ڕەفتارە ڕۆژانەییەکاندا دەبینرێن؛ بۆ نموونە، کەمبوونەوەی حەزی تێکەڵاوبوون ڕەنگە
بە شێوەی گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی یان بچووکبوونەوەی بازنەی ناسیاوەکان دەربکەوێت.
دووەم: کێشە لە شۆفێریدا
گانێش پاپولال، مامۆستای
زانستی دەمار لە زانکۆی واشنتۆن لە سانت لویس، دەڵێت کێشە لە شۆفێریدا ڕەنگە یەکێک
بێت لە یەکەمین نیشانەکانی دابەزینی توانای ناسینەوە و تێگەیشتن، و ڕەنگە ساڵانێک
پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی دیکە سەر هەڵبدات. شۆفێریکردن بەندە بە چەندین سیستمی
ناسینەوە و مێشکییەوە، و هەر تێکچوونێک تێیاندا دەکرێت مەترسی ڕووداوەکان زیاد
بکات. ئەگەرچی کێشە جەستەییەکانی پەیوەست بە تەمەنەوە، وەک لاوازیی بینین یان کاریگەرییە
لایەنییەکانی دەرمانەکان، ڕەنگە ڕۆڵیان لەم بابەتەدا هەبێت، بەڵام گرنگیدان بەم گۆڕانکارییانە
پڕبایەخە.
سێیەم: لەدەستدانی هەستی
بۆنکردن
لەدەستدانی هەستی بۆنکردن
یەکێکە لە یەکەمین نیشانەکانی نەخۆشییەکانی تێکچوونی دەمار (Neurodegenerative)، وەک زەهایمەر،
تێکچوونی عەقڵی جۆری لۆیی (Lewy body
dementia) و نەخۆشی پارکینسۆن.
سیستمی بۆنکردن کە بەرپرسیارە لە هەستی بۆنکردن، زۆرجار ساڵانێک یان تەنانەت دەیان
ساڵ پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی دیکە زیانی پێدەگات.
چوارەم: تێکچوونی خەو
تێکچوونی خەو لە تەمەنی
پیریدا باوە، بەڵام گۆڕانکارییە بەرچاوەکان وەک بەئاگاهاتنەوە لە کاتژمێر ٣ی شەودا
یان زەحمەتی لە بەئاگا مانەوە لە درێژایی ڕۆژدا، ڕەنگە نیشانەی تێکچوونی عەقڵ بن.
ئەو ناوچانەی مێشک کە بەرپرسیارن لە ڕێکخستنی خەو، وەک قەدی مێشک (Brainstem)، لە یەکەمین ئەو ناوچانەن کە لەژێر کاریگەریی نەخۆشی زەهایمەردا زیانیان
پێدەگات، ئەمەش ساڵانێک پێش سەرهەڵدانی کێشەکانی یادەوەری، دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو.
پێنجەم: کێشەی دارایی
کێشە داراییەکان زۆر
باون و دەکرێت چەندین هۆکاری جیاوازیان هەبێت. بەڵام کاتێک ئەم کێشانە هاوکات دەبن
لەگەڵ گۆڕانکارییە ناسینەوەیی یان ڕەفتارییەکانی دیکەدا، ڕەنگە نیشانەیەکی سەرەتایی
بن بۆ دەرکەوتنی تێکچوونی عەقڵ.