دکتۆر ئارەزوو جیهانی-ئەسڵ، وەک یەکێک لە دیارترین ناوە
کوردەکان لە بواری زانستی دەمار و وەرەمە دەمارییەکان لە ئاستی جیهاندا دەناسرێت،
کە توانیویەتی ئەزموونی پەنابەری و مەینەتییەکانی سەرەتای ژیانی بکاتە کاروانێکی
زانستیی سەرنجڕاکێش.
لە ساڵی ١٩٧٠ لە مەهاباد لەدایکبووە و دوای بارودۆخێکی سیاسیی
سەخت کە ڕووبەڕووی خێزانەکەی بووەوە، بەرەو کەنەدا کۆچیان کرد. لەوێ، گەشتە ئەکادیمییەکەی
لە زانکۆی تۆرۆنتۆ دەستپێکرد، پاشان خوێندنی باڵای لە ئۆتاوا و مۆنتریال درێژە پێدا
و پلەی پزیشکیی (زەمالە) لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هارڤارد تەواو کرد.
ئێستا لە زانکۆی ئۆتاوا وەک مامۆستای یاریدەدەر کاردەکات و
سەرپەرشتی توێژینەوەی پێشکەوتوو لەسەر "گلیۆبلاستۆما"
(Glioblastoma) دەکات، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی
وەرەمی مێشک؛ توێژینەوەکانی تیشک دەخەنە سەر خانە قەدییە شێرپەنجەییەکان و ڕێڕەوەکانی
ناردنی ئاماژە گەردیلەییەکان.
دکتۆر ئارەزوو توێژینەوەکانی لە گۆڤارە زانستییە بەناوبانگەکانی
وەک Nature Neuroscience و Cell Reports بڵاوکردووەتەوە. هەروەها ڕۆڵێکی
بەرچاوی هەبووە لە دەستنیشانکردنی ڕۆڵی وەرگری(OSMR) وەک ئامانجێکی چارەسەریی ئومێدبەخش، کە ئاسۆیەکی
نوێ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە سەختەکانی مێشک دەکاتەوە.
سەرەڕای سەرکەوتنە ئەکادیمییە گەورەکانی، جیهانی-ئەسڵ هەمیشە
پەیوەستە بە ناسنامە کوردییەکەیەوە و جەخت لە پشتگیریکردنی دۆزی گەلەکەی دەکاتەوە.
ئەزموونی ئەو نموونەی زانایەکە کە تەنها بە بەرهەمهێنانی زانست نەوەستاوە، بەڵکو هەوڵ
دەدات زانستەکەی بخاتە خزمەت مرۆڤایەتی و سەلماندنی توانای زانستیی کورد لە ئاستی
جیهان.