بەشی یەكەم
ئامادەكردنی: نامۆ شەریف مەجید
سەرچاوە: ماڵپەڕی نەتەوە یەكگرتوەكان (دەوڵەتە یەكگرتوەكان)
کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان یان کۆنفرانسی ئەو لایەنانەی كە واژۆیان لەسەر رێككەوتننامەی چوارچێوەیی نەتەوەیەكگرتووەكان كردوە، کۆبوونەوەی ساڵانە و بەرفراوانن و لەسەر ئاستی حکومەتەكانە کە سەرنجیان لەسەر كاركردنە لەسەر کەشوهەوا. ئەو کۆنفرانسەی ئێستا کە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، 28ەمین خولی کۆنفرانسی لایەنەكانە.
ڕێککەوتننامەی چوارچێوەیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لە 21ی مارسی 1994 بۆ ڕێگریکردن لە دەستوەردانی "مەترسیدار"ی مرۆڤ لە سیستەمی کەشوهەوا، چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
تا ئێستا 198 وڵات ڕێکەوتنەکەیان پەسەند کردووە، بەمەش ئەندامێتییەکەی نزیکەی گشتگیر بووە. ڕێککەوتنی پاریس کە لە ساڵی 2015 پەسەند کرا، وەک درێژکراوەی ئەو ڕێککەوتنە کاردەکات.
پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 60 هەزار کەس بەشداری تێدابکەن، کە بریتین لە نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی رێككەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوەیەكگرتوەكان، سەرکردەکانی وڵاتانی پیشەسازی، چالاکوانانی گەنجان، نوێنەرانی کۆمەڵگا ڕەسەنەکان، ڕۆژنامەنووسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە.
کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP28) ساتێکی گرنگە بۆ كاركردن لەسەر کەشوهەوای جیهانی، چونکە پشکنینێكی واقیعی لەسەر ڕادەی ئەو پێشکەوتنانەی جیهان بەدەستیهێناوە لە چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوا و ڕادەی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پێویست، دەخاتەڕوو.
بۆچی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای ئەمساڵ (COP28) گرنگە؟
لە دوای پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی کەشوهەوای پاریس لە (COP21)ی ساڵی 2015، کۆنفرانسەکانی دواتر تیشکیان خستۆتە سەر جێبەجێکردنی ئامانجە سەرەکییەکەی کە وەستاندنی بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەی گەرمی زەوییە بۆ خوار 2 پلەی سەدی و بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی بۆ 1.5 پلەی سەدی كە بەرزترە لە ئاستی پێش سەردەمی پیشەسازی.
ئەگەر کۆنفرانسی پاریس ڕێکەوتنەکەی داڕشتبێ، ئەوا کۆنفرانسی لایەنەکان کە لە شاری کاتۆڤیسی پۆڵەندا (COP24)و هەروەها کۆنفرانسی لایەنەكان كە لە شاری گلاسکۆی سکۆتلەندا (COP26) بەڕێوەچوون، پلانەکەین خستەڕوو، بۆیە کە 27ەمین دانیشتنی کۆنفرانسی لایەنەکان کە لە شاری شەرم شێخی میسر بەڕێوەچوو (COP27)، بەرەو جێبەجێکردن هەنگاوی نا.
پێشبینی دەکرێت COP28 خاڵی وەرچەرخان بێت، چونکە وڵاتان نەک تەنها لەسەر ئەوە کۆک دەبن کە چ ڕێوشوێنێکی بەهێزتر بۆ کەشوهەوا دەگیرێتەبەر، بەڵکو لە کۆنفرانسەکەدا چۆنیەتی جێبەجێکردنیش ڕوون دەبێتەوە.
پێوانەکردنی پێشکەوتنەکان بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکانی پاریس سەبارەت بە کەمکردنەوەو گونجاندن و پشتگیری دارایی کەشوهەوا و گونجاندنی پلانەکانی ئێستا، بەشێکی سەرەکی وێنەکەیە، هەر بۆیەش COP28 گرنگییەکی زیاتری هەیە.
هەڵسەنگاندنی جیهانی سەرەتایی کە لە کۆنفرانسی (COP26) لە شاری گلاسکۆ دەستیپێکرد، لە دوبەی کۆتایی دێت.
ئەم پرۆسەیە بۆ یارمەتیدانی دیاریکردنی ئەوەی کە پێویستە چی بکرێت و ڕێنماییکردنی وڵاتان بەرەو پلانی کارکردنی کەشوهەوای گەورەتر و خێراتر، داڕێژراوە.
لەم ڕوانگەیەوە، ڕەنگە ئەو بڕیارەی کە لایەنەکان لە COP28 پەسەندیان کرد، ببێتە گرنگترین دەرئەنجام لە دوای کۆنفرانسی پاریسی ساڵی 2015وە.