بەشی دووەم
ئامادەكردنی: نامۆ شەریف مەجید
سەرچاوە: ماڵپەڕی نەتەوە یەكگرتوەكان (دەوڵەتە یەكگرتوەكان)
تێبینی: كۆنفرانسی COP28 لە رۆژانی 30-11-2023 تا 12-12-2023 لە مینرنشینە یەكگرتوەكانی عەرەب بەڕێوەدەچێ
COP28: چی لە مەترسیدایە چی دەگوزەرێ؟
بە كورتی، تەندروستی هەسارەکەمان و خۆشگوزەرانی مرۆڤایەتی لە مەترسیدایە.
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە سەردانەکەیدا بۆجەمسەری بەستەڵەكی باشوور (ئەنتارکتیکا) پێش (COP28) ڕایگەیاند، "ئەنتارکتیکا بە زەبەلاحی خەوتوو ناودەبرا، بەڵام ئێستا بەهۆی بێسەروبەریی هەڵسوكەوت لەگەڵ کەشوهەواوە بەئاگا دێتەوە”.
جێگای سەرنجە کە بەستەڵەكی جەمسەری باشوور لە نزمترین ئاستی خۆیدایە تا ئێستا. ئامارە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە مانگی ئەیلولدا قەبارەی سەهۆڵی دەریاکان یەک ملیۆن و نیو کیلۆمەتر چوارگۆشە کەمتر بووە لە تێکڕای ئەم کاتەی ساڵ. ئەم ڕووبەرە بە نزیکەیی یەکسانە بە ڕووبەری پورتوگال، ئیسپانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بە یەکەوە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی "هەموو ئەمانە هەواڵی کارەساتێکی جیهانی دەدەن. ئەوەی لە ئەنتارکتیکا ڕوودەدات هەر لەوێ قەتیس نامێنێتەوە، ئەوەی لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە ڕوودەدات کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئێرە هەیە".
لە ماوەی سەدەیەکدا سووتاندنی سووتەمەنی كانەكان (وەک نەوت) و وزە و بەکارهێنانی زەوی وزەی ناپایەدار بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانی بە ڕێژەی 1.1 پلەی سەدی بەراورد بەئاستی پێش سەردەمی پیشەسازی.
هەر زیادبوونێکی گەرمبوون ئەگەری زۆرە گرانی و دووبارەبوونەوەی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا خراپتر بکات، لەوانە شەپۆلی گەرما، لافاو، زریان و گۆڕانی کەشوهەوا کە گەڕانەوە نابێ بۆ دۆخی جارانی.
ساڵی ٢٠٢٣ خەریکە دەبێتە گەرمترین ساڵ، لە کاتێکدا هەشت ساڵی ڕابردوو گەرمترین ساڵەكان بوون کە لە ئاستی جیهانیدا تۆمارکراوە ، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی چڕیی گازە گەرمکەرەوەکان و گەرمی کەڵەکەبووەوەیە.
ئەمینداری گشتی لە چەند بۆنەیەکدا زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە و هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر هیچ شتێک نەگۆڕێت، ئەوا بەرەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ٣ پلە و بەرەو جیهانێکی مەترسیدار و ناسەقامگیر ملدەنێین.
گۆتێرێس وتی: مرۆڤایەتی دەروازەکانی دۆزەخی کردۆتەوە، گەرمای ترسناک کاریگەرییەکی تۆقێنەری هەیە.
کردەوەی بەهێزتری کەشوهەوا مانای چییە؟
زانست راشكاوە لەمبارەیەوە: هێشتا دەكرێ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی سنووردار بکرێت بۆ رێژەی 1.5 پلەی سەدی، بۆ دوورکەوتنەوە لە خراپترین گۆڕانی کەشوهەوا كە تەنها لە ڕێگەی کردەوەی ڕیشەیی و دەستبەجێی کەشوهەوا دێتەدی، کە بریتین لە:
- کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی بە ڕێژەی لەسەدا ٤٥ تا ساڵی ٢٠٣٠ بە بەراورد بە ئاستی ساڵی ٢٠١٠.
- گەیشتن بە سفری پاکی دەردانی گازی ژەهراوی جیهانی تا ساڵی ٢٠٥٠.
- گواستنەوەیەکی دادپەروەرانە لە سووتەمەنی كانەكان (نەوت و گاز)ەوە بۆ سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە.
- وەبەرهێنانی زۆرتر لە بوارەكانی خۆگونجاندن و خۆڕاگری لە بەرامبەر تێکچوونی کەشوهەوا.
بەڵام لەمانەش زیاتریش هەیە، وەک جێبەجێکردنی بەڵێنە داراییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی وڵاتانی تازەپێگەیشتو، دەستەبەرکردنی 100 ملیار دۆلاری ئەمریکی لە بواری پشتیوانی دارایی ساڵانە بۆ كردەی کەشوهەوا هەروەها چالاککردنی سندوقی زیانەكان کە ساڵی ڕابردوو لە COP27 دا ڕێککەوتنی لەسەر کرا بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری کەشوهەوا.
COP28 لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب
ساڵانە وڵاتێکی جیاواز میوانداری کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. ئەمساڵ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی لە ٣٠ی تشرینی دووەم تا ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ میوانداری کۆنفرانسەکە دەکات.
وڵاتی میواندار سەرۆکێک دیاری دەکات بۆ سەرکردایەتی دانوستانەکانی کەشوهەوا و دیدگای گشتی پێشکەش دەخاتەڕوو.
لە کۆنفرانسەکەدا دکتۆر سوڵتان ئەلجابر وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وڵاتەكە سەرۆکایەتی دانوستانەکان دەکات.
سەرۆکایەتیی کۆنفرانسەکە گرنگیدانی سەرەکی خۆی بۆ گۆڕانکاری لە چوار بواری سەرەکیدا ڕاگەیاندوە کە بەم شێوەیەن:
- خێراکردنی گواستنەوە لە بواری وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی پێش ساڵی ٢٠٣٠.
- گۆڕینی پشتیوانی دارایی کەشوهەوا، بە جێبەجێکردنی بەڵێنە کۆنەکان و دانانی چوارچێوەی گرێبەستێکی نوێ.
- دانانی سروشت و مرۆڤ و ژیان و بژێوی لە دڵی کردەی کەشوهەوادا.
- خۆئامادەكردن بۆ گشتگیرترین كۆنفرانس كە تا ئێستا رێكخراوە.
چۆن COP28 بەشداری دەکات لە شەڕی جیهانی دژی گۆڕانی کەشوهەوا؟
نزیکەی هەشت ساڵ دوای ڕێککەوتنی پاریس و نیوەی ڕێگا بەرەو کارنامەی ٢٠٣٠، COP 28 دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ دەستپێکردنی ڕێگایەکی نوێ بەرەو کردەوەی کاریگەرانەی کەشوهەوا.
وەک ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن، جیهان لەسەر ڕێڕەوی ناڕاستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕێککەوتنی پاریس، بەڵام هیوا ئەوەیە حکومەتەکان لە کۆنفرانسەکەدا نەخشەڕێگایەک بۆ خێراکردنی چالاکییەکانی کەشوهەوا دابڕێژن.
لە ساڵی 2020 وڵاتان پلانی کارکردنی نیشتمانی کەشوهەوای خۆیان داڕشت بە ئامانجی کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی لەسەر ئاستی نیشتمانی و گونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
بەو پێیەی خولی داهاتووی ئەم پلانانە کە بڕیارە لە ساڵی 2025 دا ئەنجام بدرێت، ئەوا ئەنجامی هەڵسەنگاندنی جیهانی دەتوانێت هانی وڵاتان بدات بۆ دانانی ئامانجی نوێ کە لە سیاسەت و پابەندبوونەکانی ئێستا تێپەڕێت.
بەهۆی ئەوەی زۆر شت لە مەترسیدایە، کۆنفرانسی دوبەی وەك ساتێکی گرنگ دەردەكەوێ بۆ گۆڕینی پلانەکانی کەشوهەوا بۆ کردەوەی گەورە و گۆڕینی ئاڕاستەی كار دژی قەیرانی کەشوهەوا.