کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) کۆتایی بە کارەکانی هێنا بە گەیشتن بە ئامانجێکی نوێی دارایی کە مەبەست لێی یارمەتیدانی وڵاتانە بۆ پاراستنی گەلانیان و ئابوورییەکانیان لە کارەساتەکانی کەشوهەواو سوود وەرگرتن لە قازانجە گەورەکانی گەشەی خێرا لە بواری وزەی خاوێن. کۆنفرانسی COP29 بە شێوەیەکی سەرەکی جەختی لەسەر دارایی کەشوهەوایی کردەوە و نزیکەی ٢٠٠ وڵاتی لە باکۆی ئازەربایجان کۆکردەوە کە تێیدا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی مێژوویی کە ئەمانە دەگرێتەوە:
• زیادکردنی دارایی بۆ سێ ئەوەندەی ئامانجی پێشووی لە ١٠٠ ملیار دۆلار ساڵانە بۆ ٣٠٠ ملیار دۆلار ساڵانە تا ساڵی ٢٠٣٥ بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو
• دڵنیاکردنی هاوکاری هەموو لایەنە کاراکان بۆ زیادکردنی دارایی ئاڕاستەکراو بۆ وڵاتانی پەرەسەندوو لە سەرچاوە گشتی و تایبەتەکانەوە بۆ گەیشتن بە ١،٣ تریلیۆن دۆلاری ساڵانە تا ساڵی ٢٠٣٥.
ئەم ئامانجانە، کە بە فەرمی بە ناوی "ئامانجی کۆمەڵی چەندایەتی نوێ بۆ دارایی کەشوهەوایی" (NCQG) ناسراون، دوای دوو هەفتە لە دانوستانی چڕ و چەند ساڵێک لە ئامادەکاری، لە پڕۆسەیەکدا کە پێویستی بە ڕەزامەندی هەموو وڵاتان هەبوو بە کۆدەنگی لەسەر هەر وشەیەکی ڕێککەوتننامەکە. ئامانجی نوێی دارایی لە کۆنفرانسی COP29 پشت دەبەستێت بە پێشکەوتنە گەورەکان کە لە کاری کەشوهەوایی جیهانی لە کۆنفرانسی COP27 بەدەست هاتوون، کە شاهیدی ڕێککەوتنێکی مێژوویی بوو لەسەر "سندوقی زیان و زەرەر"، و کۆنفرانسی COP28، ڕێککەوتنێکی جیهانی لێكەوتەوە بۆ گۆڕینی دوور لە هەموو جۆرەکانی سووتەمەنی فۆسیلی (نەوت و گازو خەڵووز) لە سیستەمەکانی وزەدا بەشێوەیەكی خێرا و دادپەروەرانە و زیادکردنی وزەی نوێبووەوە بۆ سێ ئەوەندە و بەهێزکردنی نەرمونیانی کەشوهەوایی.
هەروەها کۆنفرانسی COP29 گەیشتە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە بازاڕەکانی کاربۆن - کە دەستکەوتێکە زۆربەی کۆنفرانسە پێشووەکان نەیانتوانی بەدەستی بهێنن. ئەم ڕێککەوتنانە یارمەتی وڵاتان دەدەن بۆ جێبەجێکردنی پلانە کەشوهەواییەکانیان بە خێراتر و بەرەوپێشچوون بەرەو کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆنی جیهانی بۆ نیوە لەم دەیەیەدا، بەپێی داواکارییەکانی زانست.
سیمۆن ستیل، سکرتێری جێبەجێکاری ڕێککەوتننامەی چێوەیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، دانی بەوەدا نا کە ڕێککەوتنەکەی باکۆ هەموو چاوەڕوانییەکانی لایەنەکانی نەهێنایە دی و پێویستی بە کاری زیاتر هەیە لە ساڵانی داهاتوودا بۆ چارەسەرکردنی چەندین کێشەی گەورە.
ستیل وتی: "هیچ وڵاتێک هەموو ئەوەی بەدەست نەهێنا کە دەیویست و باکۆ بەجێ دەهێڵین لەکاتێکدا شاخێک لە کارمان لەسەر شانە کە دەبێت ئەنجامی بدەین." هەروەها درێژەی پێدا: "ئەو کێشانەی تر کە پێویستمان بە پێشکەوتنە تێیاندا لەوانەیە سەردێڕی هەواڵەکان داگیر نەکەن، بەڵام دەماری ژیانن بۆ ملیارەها کەس. کەواتە، ئەمە کاتی پیرۆزبایی کردن لە سەرکەوتنەکان نییە، بەڵکو دەبێت چاومان لەسەر ڕێگای بەرەو (بیلیم) بێت و هەوڵەکانمان دووقات بکەینەوە."
ڕێککەوتنە داراییەکەی COP29 هاوکاتە لەگەڵ کاتی پێشکەشکردنی پلانی کەشوهەوایی نیشتمانی بەهێزتر (بەشداریکردنی سنوردار لەسەر ئاستی نیشتمانیNDCs) لە هەموو وڵاتان لە ساڵی داهاتوودا. ئەم پلانە نوێیانە دەبێت هەموو گازە گەرمەکان و هەموو کەرتەکان بگرنەوە بۆ پاراستنی ئامانجی سنووردارکردنی گەرمبوونی لە ١،٥ پلەی سەدی. کۆنفرانسی COP29 شاهیدی ڕاگەیاندنی دوو وڵاتی گرووپی بیست - بریتانیا و بەڕازیل - بوو سەبارەت بە نیازیان بۆ بەهێزکردنی کاری کەشوهەوایی لە پلانە نیشتمانییە نوێیەکانیاندا (NDCs 3.0)، چونکە تەواو لەگەڵ بەرژەوەندی ئابووری و گەلانیان دەگونجێت.