لە یادی لە دایکبوونی هونەرمەند (حەسەن زیرەک) سێ هەزار نەمام روێندران

لە ساڵیادی لە دایکبوونی هونەرمەندی ناوداری کورد (حەسەن زیرەک)، سێ هەزار نەمام لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوێندران. 

میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بڵاویانکردەوە" بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی هونەرمەند حەسەن زیرەک، لە کێوی ناڵەشکێنە بە بەشداری چالاکوانان و چین توێژە جیاوازەکان لە شاری بۆکان سێ هەزار نەمام روێندران". 

نەمامەکان بە ناوی ئەو کەسانە کران کە بەشداربوون".
 
ئاماژە بەوەشدەکەن، نەمامەکان زیاتر بریتین لە بادام، سنجوو، دارەبەن و بەڕوو، هەروەها سەرجەم نەمامەکان بە ناوی ئەو کەسانەوە نراون کە بەشداربوون لە هەڵمەتەکەدا. 

ماوەی دوو ساڵە چالاکوانان و چین و توێژە جیاوازەکانی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (هەڵمەتی زاگرۆسانەیان) ڕاگەیاندووە و ساڵانە ئەو هەڵمەتە لە شارەکە بەڕێوەدەچێت و چالاکی ئەنجام دەدەن، بۆ ئەمساڵیش بۆ رواندنی دار ڕوویان کردە کێوی ناڵەشکێنە.



PM:03:09:30/11/2024