ئامادەكردنی: نامۆ مەجید
شوێنپێی کاربۆنی پێوەرێکە کە ڕادەی دەردانی گازە گوڵەخانەییەکان دەپێوێت کە لە چالاکییە پیشەسازییەکانەوە دەردەچن. لەکاتێکدا جیهان ئەمڕۆ بەرەو کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن دەچێت بۆ پاراستنی کەشوهەوا، بەتایبەت دوای گۆڕانکارییە کەشوهەواییەکان و گەرمبوونی گۆی زەوی.
دوای هەندێک هەنگاوی عیراق لە ماوەکانی پێشووتردا بۆ چوونە ناو بازاڕە کاربۆنییە جیهانییەکان، گرنگترینیان دامەزراندنی کۆمپانیای گشتی بۆ ئابووریی کاربۆن و دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ سعودیە و ئیمارات بۆ کۆپیکردنی ئەزموونیان و سوود لێوەرگرتن و جێبەجێکردنیان لە عیراق، لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی ڕایگەیاند کە دەستیکردووە بە توێژینەوەی جێبەجێکردنی "شوێنپێی کاربۆنی" بۆ پاڵپشتیکردنی ئەوەی پێی دەگوترێ "ئابووریی سەوز"، و ئامانجی هەنگاوەکان ئەوەیە عیراق هاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانییەکان کە سنووری دیاریکراو بۆ دەردانیان دادەنێن.
ئابووریی سەوز بریتییە لە ئابوورییەکی کاربۆنی نزم، واتە بە کارایی و پاکژی لە بەرهەمهێنان، و ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکانە و پابەندبوون بە پێوەر و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە پڕۆسەکانی دەرهێنانی نەوت و پیشەسازییە قورسەکان.
لیژنەی نەوتی عیراق دەیەوێت کارایی کارگە نەوتییەکان باش بکات لە ڕێگەی کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتەوە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت شوێنپێی کاربۆنی باش و دەردانی کەم بێت لە ڕێگەی نوێکردنەوەی تەکنیکەکان و زیادکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، چونکە پڕۆسەی باشترکردن داهاتی کاربۆنی لێدەکەوێتەوە.
یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2026 رێوشوێنی نوێ بۆ هاوردەکردن دادەنێت و تەنها بەرهەمەکانی کارگە ژینگەپارێزەکان و بە شوێنپێی کاربۆنی باش وەردەگرێت.
حکومەتی عیراق کۆمپانیای گشتیی ئابووریی کاربۆنی دامەزراندووە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و هاریکاری لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەم بوارەدا، بەتایبەت کە هەندێ ڕێکخراو و دەوڵەت ئامادەن بۆ پارەدان و دروستکردنی پڕۆژەی ژینگەپارێز بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن.
عیراق دەتوانێت سوود لەو پارانە وەربگرێت کە تەرخان دەکرێن، بەهۆی ئەوەی هەموو دەوڵەتەکان هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئاستی کاربۆن بە کەمی بهێڵنەوە و شوێنپێی کاربۆنی لە تۆڕی کەشوهەوادا کەم بکەنەوە.
شوێنپێی کاربۆنی زاراوەیەکە کە ئاماژە بە بڕی گازە گوڵەخانەییەکان (بەتایبەتی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن) دەکات کە لەلایەن چالاکییەکی مرۆیی یان بەرهەم یان خزمەتگوزارییەکی دیاریکراوەوە دروست دەبن.
دەربارەی شوێنپێی کاربۆنی:
شوێنپێی کاربۆنی بە یەکەی تۆن لە دووانە ئۆکسیدی کاربۆنی دەردراو پێوانە دەکرێت. ئەمە هەموو دەردانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان دەگرێتەوە کە لە چالاکی یان بەرهەمێکی دیاریکراوەوە دەردەرێن.
سەرچاوەکانی شوێنپێی کاربۆنی ئەمانەن:
- بەکارهێنانی وزە
- هۆیەکانی گواستنەوە
- بەرهەمهێنانی پیشەسازی
- کشتوکاڵ
- بەکارهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان
ئامانج لە پێوانەکردنی ئەوەیە کاریگەریی ژینگەیی بناسرێت و کاربکرێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانەكان بۆ سنووردارکردنی گۆڕانی کەشوهەوا.