بەشی دووەم
ئامادەكردنی: نامۆ مجید – سەرۆكی رێكخراوی ئیرۆ
بەفیڕۆدانی خۆراک، مۆدەی جلوبەرگ، لەناوبردنی دارستانەکان، کانزاکاری و زێدەرۆیی ڕاوکردن لە گرنگترین چالاکییە زیانبەخشەکانی مرۆڤن.
هەرچەندە قەیرانی کەشوهەوا چەندین فاکتەری هەیە کە ڕۆڵ دەبینن لە خراپتربوونی دۆخی ژینگە، بەڵام هەندێکیان پێویستیان بە گرنگیپێدانی زیاترە لە هەندێکی تریان.
لێرەدا هەندێک لە گەورەترین کێشە ژینگەییەکان دەخەینەڕوو کە لە ژیانماندا ڕووبەڕوویان دەبینەوە، لە لەناوبردنی دارستانەکان و لەدەستدانی هەمەجۆری بایۆلۆژییەوە تا بەفیڕۆدانی خۆراک و مۆدەی خێرا.
4.لەدەستدانی جۆراوجۆری بایۆلۆژی
لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا، بەکاربردنی مرۆیی، دانیشتوان، بازرگانی جیهانی و فراوانبوونی شارنشینی بە خێرایی گەشەی کردووە کە بووەتە هۆی بەکارهێنانی سەرچاوەکانی زەوی لەلایەن مرۆڤەوە زیاتر لەوەی کە سروشت دەتوانێت نوێی بکاتەوە.
ڕاپۆرتی سندوقی جیهانی سروشت ٢٠٢٠ دەریخست کە قەبارەی شیردەرەکان، ماسی، باڵندە، خشۆکەکان و دوو ژینگەییەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ و ٢٠١٦بە تێکڕای ٦٨٪ کەمیان کردووە.
شیکارییەکی نوێ دەریخستووە کە شەشەمین لەناوچوونی بەکۆمەڵی ژیانی کێوی لەسەر زەوی خێراتر دەبێت. زیاتر لە ٥٠٠ جۆری ئاژەڵی کێوی لە مەترسی لەناوچووندان و لەوانەیە لە ماوەی ٢٠ ساڵدا نەمێنن. هەمان ژمارە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لەناوچوون.
زانایان دەڵێن ئەگەر وێرانکردنی سروشت لەلایەن مرۆڤەوە نەبوایە، ئەم ڕێژەی لەناوچوونە هەزاران ساڵی دەخایاند.
5. پیسبوونی پلاستیکی
لە ساڵی ١٩٥٠، جیهان زیاتر لە ٢ ملیۆن تەن پلاستیکی سالانە بەرهەم دەهێنا. تا ساڵی ٢٠١٥، ئەم بەرهەمهێنانە ساڵانە گەیشتە ٤١٩ ملیۆن تەن، کە بووە هۆی زیادبوونی پاشماوە پلاستیکییەکان لە ژینگەدا.
ڕاپۆرتێکی گۆڤاری زانستی Nature دەریخست کە نزیکەی ١٤ ملیۆن تەن پلاستیک ساڵانە دەڕژێتە ناو زەریاکانەوە، کە زیان بە ژینگەی ژیانی کێوی و ئاژەڵەکان دەگەیەنێت. ئەگەر هیچ هەنگاوێک نەنرێت، قەیرانی پلاستیک تا ساڵی ٢٠٤٠ دەگاتە ٢٩ ملیۆن تەنی مەتری ساڵانە.
ئەگەر مادە پلاستیکییە وردەکانیش بخەینە سەر ئەمە ژمارەیە، ئەوا کۆی گشتی پلاستیک لە زەریاکاندا دەکرێت بگاتە ٦٠٠ ملیۆن تەن تا ساڵی ٢٠٤٠.
شتێكی سەرسوڕهێنەرە کە ناشناڵ جیۆگرافیک ئاشكرایكرد کە ٩١٪ی هەموو ئەو پلاستیکەی کە تا ئێستا دروستکراوە دووبارە بەکارناهێنرێتەوە. ئەمە نەک تەنها یەکێکە لە گەورەترین کێشە ژینگەییەکانی ژیانمان، بەڵکو شکستێکی گەورەیتری بازاڕیشە. لەبەر ئەوەی پلاستیک ٤٠٠ ساڵی پێویستە بۆ شیبوونەوە، چەندین نەوە پێویستە تا لە كۆتایی پێبێت.
6.لەناوبردنی دارستانەکان
لە هەر کاتژمێرێکدا، دارستان بە قەبارەی ٣٠٠ یاریگای تۆپی پێ دەبڕدرێتەوە. تا ساڵی ٢٠٣٠، لەوانەیە هەسارەکەمان تەنها ١٠٪ی دارستانەکانی مابێت. ئەگەر لەناوبردنی دارستانەکان ڕانەگیرێت، لەوانەیە هەموویان لە کەمتر لە ١٠٠ ساڵدا نەمێنن.
ئەو سێ وڵاتەی کە بەرزترین ئاستی لەناوبردنی دارستانیان هەیە بریتین لە: بەڕازیل، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و ئەندەنووسیا.
دارستانەکانی ئەمازۆن، کە گەورەترین دارستانی بارانییە لە جیهاندا و ٦.٩ ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە (٢.٧٢ ملیۆن میلی چوارگۆشە) دەگرێتەوە و نزیکەی ٤٠٪ی کیشوەری ئەمریکای باشووری داپۆشیوە، یەکێکە لە فرەچەشنترین سیستەمە ئیکۆلۆجییەکان و نیشتمانی نزیکەی سێ ملیۆن جۆری ڕووەک و ئاژەڵە.
کشتوکاڵ هۆکاری سەرەکی لەناوبردنی دارستانەکانە و یەکێکە لە گەورەترین کێشە ژینگەییەکان کە لەم لیستەدا دەردەکەوێت. زەوی پاک دەکرێتەوە بۆ بەخێوکردنی مەڕومات یان بۆ چاندنی بەروبوومیتر کە دەفرۆشرێن، وەک قامیشی شەکر و ڕۆنی دار خورما.
لەگەڵ هەڵگرتنی کاربۆندا، دارستانەکان یارمەتی ڕێگرتن لە داڕمانی خاک دەدەن، چونکە ڕەگی درەختەکان خاکەکە دەبەستێتەوە و ڕێگری لە ڕاماڵینی دەکات، ئەمە جگە لەوەی ڕێگری لە داڕمانی زەویش دەکات.