١٥ گەورەترین کێشەی ژینگەیی لە ساڵی ٢٠٢٤

بەشی سێیەم

ئامادەكردنی: نامۆ مجید – سەرۆكی رێكخراوی ئیرۆ 
بەفیڕۆدانی خۆراک، مۆدەی جلوبەرگ، لەناوبردنی دارستانەکان، کانزاکاری و زێدەرۆیی ڕاوکردنلە گرنگترین چالاکییە زیانبەخشەکانی مرۆڤن.
هەرچەندە قەیرانی کەشوهەوا چەندین فاکتەری هەیە کە ڕۆڵ دەبینن لە خراپتربوونی دۆخی ژینگە، بەڵام هەندێکیان پێویستیان بە گرنگیپێدانی زیاترە لە هەندێکی تریان.

لێرەدا هەندێک لە گەورەترین کێشە ژینگەییەکان دەخەینەڕوو کە لە ژیانماندا ڕووبەڕوویان دەبینەوە، لە لەناوبردنی دارستانەکان و لەدەستدانی هەمەجۆری بایۆلۆژییەوە تا بەفیڕۆدانی خۆراک و مۆدەی خێرا.

7. پیسبوونی هەوا

پیسبوونی هەوا یەکێکە لە گەورەترین کێشە ژینگەییەکانی ئەمڕۆ. بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە نزیکەی ٤.٢ تا ٧ ملیۆن کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەست دەدەن. لە هەر ١٠ کەس ٩ کەس هەوایەک هەڵدەمژن کە ڕێژەیەکی بەرزی پیسکەرەکانی تێدایە.

لە ئەفریقا، لە ساڵی ٢٠١٧دا، ٢٥٨ هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لەدەست داوە، بەپێی یونیسێف.

هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا زۆربەی جار لە سەرچاوە پیشەسازییەکان، ئۆتۆمبێلەکان، هەروەها دەرهاویشتەکانی سووتانی ماددە بایۆلۆژییەکان و خراپی جۆری هەوا بەهۆی تۆز و بای خۆڵاوییەوە دێن.

بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٣، پیسبوونی هەوا لە باشووری ئاسیا - کە یەکێکە لە پیسترین ناوچەکانی جیهان - تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراو بە نزیکەی ٥ ساڵ کەم دەکاتەوە.

لە ئەوروپا، ڕاپۆرتێکی نوێی ئاژانسی ژینگەی ئەوروپی دەریخستووە کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢١دا بەهۆی کێشە تەندروستییەکانی پەیوەست بە پیسکەرە ژەهراوییەکانەوە مردوون.

8. توانەوەی سەهۆڵەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان

قەیرانی کەش و هەوا بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جەمسەری باکوور بە ڕێژەیەک کە دوو جار خێراترە لە هەر شوێنێکی تری ئەم هەسارەیە. ئاستی ئاوی دەریاکان بە ڕێژەیەکی زیاتر لە دوو هێندەی خێرایی سەدەی بیستەم بەرز دەبێتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی.

ئێستا ئاستی ئاوی دەریاکان بە تێکڕای ٣.٢ ملم لە ساڵێکدا بەرز دەبێتەوە لە سەرانسەری جیهاندا و بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە تاوەکو نزیکەی ٠.٧ مەتر لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا.

لە جەمسەری باکوور، چینی سەهۆڵی گرینلاند گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاستی ئاوی دەریاکان چونکە توانەوەی سەهۆڵی زەوی هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان.

دەتوانین بڵێین ئەمە گەورەترین کێشەی ژینگەییە، کە زیاتر جێگای نیگەرانییە کاتێک کە هاوینی پار بووە هۆی لەدەستدانی ٦٠ ملیار تۆن سەهۆڵ لە گرینلاند کە بەسە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بە ڕێژەی ٢.٢ ملم تەنها لە ماوەی دوو مانگدا.

بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان کاریگەرییەکی وێرانکەری دەبێت لەسەر ئەوانەی کە لە ناوچە کەناراوییەکان دەژین: بەپێی گرووپی توێژینەوە و پشتگیری ناوەندی کەش و هەوا، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان لەم سەدەیەدا دەتوانێت ناوچە کەناراوییەکان نوقم بكات کە ئێستا ٣٤٠ ملیۆن تا ٤٨٠ ملیۆن کەسیان تێدا دەژی، کە ناچاریان دەکات کۆچ بکەن بۆ ناوچە ئارامترەکان.

بانکۆک (تایلەند)، هۆشی مینه (ڤێتنام)، مانیلا (فلیپین) و دوبەی (ئیمارات) لە نێو ئەو شارانەن کە زۆرترین مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان و لافاویان لەسەرە.

9. ترشبوونی زەریاکان

بەرزبوونەوەی گەرمای جیهانی نەک تەنها کاریگەری لەسەر ڕووی زەوی هەبووە، بەڵکو هۆکاری سەرەکیشە بۆ ترشبوونی زەریاکان. زەریاکانمان نزیکەی ٣٠٪ی ئەو دووانەئۆکسیدی کاربۆنە هەڵدەمژن کە لە کەشوهەوای زەویدا بڵاودەبێتەوە.

بە بڵاوبوونەوەی چڕییەکی بەرزتر لە دەرهاویشتنی کاربۆن بەهۆی چالاکییە مرۆییەکانەوە وەک سووتاندنی سووتەمەنی فۆسیلی (نەوت و غاز و خەڵووز)، لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی وەک زیادبوونی ڕێژەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، بڕی ئەو دووانەئۆکسیدی کاربۆنەی کە دووبارە لە دەریادا هەڵدەمژرێت، زیاد دەکات.

ترشبوونی زەریاکان کاریگەرییەکی وێرانکەری هەیە لەسەر سیستەمی ژینگەیی دەریایی و جۆرەکانی دەریایی و تۆڕی خۆراکیان و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری گەڕانەوە نەهاتووی جۆری ژینگە.

کاتێک ئاستەکانی pH دەگەنە ئاستێکی زۆر نزم، بوونەوەرە دەریاییەکان وەک گوێچكەماسی و قاپۆڕەکانیان و پەیکەری ئێسکیان دەست دەکەن بە توانەوە.

هەروەها، یەکێک لە گەورەترین کێشە ژینگەییەکانی دەرەنجامی ترشبوونی زەریاکان بریتییە لە سپیبوونی مەرجان و دواتر لەدەستدانی تاوێرە مەرجانییەکان.

هەندێک توێژینەوە دەریانخستووە کە ترشبوونی زەریاکان دەشێ پەیوەست بکرێت بە یەکێک لە کاریگەرییەکانی پیسبوونی پلاستیکی لە زەریاکاندا. بەکتریا و زیندەوەرە وردەکانی كە لە پاشماوەی پلاستیکی فڕێدراو لە زەریادا كۆدەبنەوە، زیان بە سیستەمی ژینگەیی دەریایی دەگەیەنن و بەشدارن لە سپیبوونی مەرجان.

10. کشتوکاڵ

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە سیستەمی خۆراکی جیهانی بەرپرسیارە لە نزیکەی سێیەکی کۆی دەرهاویشتنی گازە گەرمەکان کە لەلایەن مرۆڤەوە دروست دەکرێن کە ٣٠٪ی لە ئاژەڵداری و ڕاوەماسییەوە دێت و بەرهەمهێنانی ئەم بوارانە گازە گەرمەکان وەک ئۆکسیدی نایترۆجین بڵاو دەکاتەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی پەینەوە.

٦٠٪ی ڕووبەری کشتوکاڵی جیهان تەرخانکراوە بۆ بەخێوکردنی مەڕوماڵات، هەرچەندە تەنها ٢٤٪ی بەکاربردنی گۆشتی جیهانی پێکدێنن.
کشتوکاڵ نەک تەنها ڕووبەرێکی گەورەی زەوی داگیردەکات، بەڵکو بڕێکی زۆریش لە ئاوی پاک بەکاردێنێت، کە یەکێکە لە گەورەترین کێشە ژینگەییەکان لەم لیستەدا.

لە کاتێکدا زەوییە کشتوکاڵییەکان و لەوەڕگاکان سێیەکی ڕووبەری وشکانی زەوی داپۆشیوە، سێ چارەکی سەرچاوە سنووردارەکانی ئاوی پاکی جیهان بەکاردێنن.

زانایان و چالاکوانانی ژینگە بەردەوام هۆشدارییان داوە کە پێویستە دووبارە بیر لە سیستەمی خۆراکی ئێستامان بکەینەوە؛ گۆڕینی سیستەمی خۆراک بۆ سیستەمێک کە زیاتر پشت بە ڕووەک ببەستێت بە شێوەیەکی بەرچاو پەڵەی کاربۆنی پیشەسازی کشتوکاڵی نەریتی کەم دەکاتەوە.




PM:01:05:04/03/2025