شیروان جەمال: ئاستی ئاوی سەرچنار نزیکدەبێتەوە لە وشکبوون

بەرپرسانی ئاوی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنن، کە بۆ ئەمساڵ سەرچاوەکانی ئاو کەمیکردووە و بەشێک لە کانی و کارێز و بیرەکان وشکیانکردووە یاخود مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە.

شیروان جەمال، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند" بەهۆی کەمیی رێژەی بارانبارین، هەندێک سەرچاوەی ئاو نەژیاوەتەوە و وشکیکردووە، وەک سەرچاوەی ئاوی تافان لە قەرەداغ".

باسی لەوەشکرد، لەکۆی ١٦٠ کانی و کارێز لە دەوروبەری سلێمانی ١٢٠یان وشکی کردووە، هەروەها لە کۆی ٥٦٠ بیر ٩٥یان وشکیکردووە، یان ئاوەکەیان تەواو کەمبووەتەوە.

لای خۆیەوە بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند" ئاستی ئاوی سەرچنار زۆر کەمبووەتەوە، نزیکدەبێتەوە لە وشکبوون، لە ٢٤کاتژمێردا ١٧٠ بۆ ١٨٠ هەزار مەتر سێجا لە ئاوی سەرچنار بۆ ئاوی خواردنەوە بەکاردەهێندرا، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوەو ناتوانین ئەو رێژەیە بەکاربهێنین".



AM:11:35:05/05/2025