بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆکارێکی نادیار ئاگر لە چەند گوندێکی شارباژێڕ کەوتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ڕاگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆکارێکی نادیار لە سنووری شارباژێڕ هەزار دۆنم پوش و پاوان سووتا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە سنووری شارباژێڕ ئاگرێك لە گوندەکانی ‘بێورێ و سێونگ و کانی شوان و پیرێسك ونورەباب کەوتەوە، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستانی بەشی شارباژێڕ گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە.
ڕاشیگەیاند، بە هاوکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانی چوارتا و بەرگریی شارستانی سیتەك هەروەها لەگەڵ قایمقامی چوارتا و خەڵکی ناوچەکان، توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، هۆکاری ئاگرەکە نادیارە لێکۆڵینەوەش لەو بابەتە بەردەوامە.