وڵاتانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی پەیماننامەی روبەڕووبوونەوەی پیسبوونی ژینگە بەهۆی پلاستیکەوە لە جنێڤ کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکان بە بێئەنجام کۆتاییهات و نەگەیشتنە رێککەوتن.
ئەمڕۆ هەینی لویس ڤایاس ڤاڵدیڤیسۆ، سەرۆکی دانوستانەکان لە کۆبوونەوەی وڵاتان لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ رایگەیاند" راوێژکردن لەسەر رەشنووسی پەیماننامەکە بەردەوام بوو گفتوگۆکان رۆژێک درێژکرانەوە، بەڵام بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دوای ئەوەی کۆبوونەوەکان بە داخراوی ئەنجامدران، کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان بەبێئەنجام راگەیەندرا".
ئاشکراشی کرد کە رەشنووسەکە، داوا لە وڵاتان دەکات پابەندبن بە کۆتاییهێنان بە پیسبوونی ژینگە بەهۆی پلاستیکەوە، بەڵام رێسا و یاسای جیهانی پابەندکەر بە پەیماننامەکەوە لەخۆ ناگرێت.
لەنێو وڵاتە بەشداربووەکاندا، وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت، لەگەڵ ئەوەدان چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ پاشماوە پلاستیکییەکان نەک بەرهەمهێنان کەمبکرێتەوە، لە بەرامبەردا ١٠٠ وڵات کە زۆرینەیان وڵاتانی ئەوروپان، دەیانەوێت بەرهەمهێنانی پلاستیک کەمبکرێتەوە.
ئەمە شەشەم خولی گفتوگۆکانی پەیماننامەی پیسبوونی ژینگەیە بەهۆی پلاستیکەوە، کە بە سەرپەرشتیی پرۆگرامی ژینگەیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت لە رۆژی ٥ی ئەم مانگە دەستیپێکرد و بڕیاربوو ١٤ی مانگ کۆتایی بێت.
زیاتر لە ١٨٠ وڵات لەنێویاندا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، عێراق و ئێران، وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا و ئەفریقا، نوێنەری زیاتر لە ٦٠٠ رێکخراوی ناحکومی لە کۆبوونەوەکاندا بەشداربوون.