قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لە پەیامێکدا هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری ئاری موختار، ئەو گەنجەی لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی دارستان و ناوچە شاخاوییەکانی ناوچەی کۆکۆیی لە پارێزگای هەڵەبجە دەردەبڕێت و دەڵێت، لە نزیکترین کاتدا لەناو هەڵەبجەدا شوێنێکی گونجاوی بەناوەوە دەکەین.
قوباد تاڵەبانی، لە پەیامەکەیدا دەڵێت" لە هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستان و شاخەکانی ناوچەی کۆکۆیی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و گەنجان و خەڵکی خۆبەخش و ژینگەپارێزی سنوورەکە، کاک ئاری موختاری ژینگەپارێزی خۆبەخش گیانی لەدەستدا و بووە شەهیدی رێگای پاراستنی ژینگە جوانەکەی هەڵەبجە و کوردستان".
دەشڵێت" شەهیدبوونی کاکە ئاری و هەوڵ و تێکۆشانی ژینگەپارێزان بۆ پاراستنی دارستان و شاخ و داخەکانی کوردستان هەڵگری پەیامێکی قووڵی ئینسانی و نیشتماندۆستییە و پێماندەڵێت خۆشویستن و پاراستنی ژینگە سنووری نییە".
باسی لەوەشکردووە" وەک رێزگرتنێک لەم شەهیدە ژینگەپارێزەمان و بۆ ئەوەی ناوەکەی و پەیامی گیانبەختکردنەکەی بۆ هەمیشە لەناو گەلەکەمان بە زیندوویی و بە بەرزی بمێنێتەوە، لە نزیکترین کاتدا لەناو هەڵەبجەدا شوێنێکی گونجاوی بەناوەوە دەکەین".