حەوت ملیۆن دار لە دەوروبەری هەولێر دەچێنرێت

پارێزگاری هەولێر دەڵێت" حەوت  ملیۆن دار لە دەوروبەری هەولێر دەچێنرێت”. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ئەو دارانە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گۆرانی کەشوهەوا دەچێندرێت.

چوارشەممە ١٧ی ئەیلول ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولیر ڕایگەیاند" لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا، لە پارێزگای هەولێر، پرۆژەی "پشتێنەی سەوزاییی هەولێر” دەستی پێکردووە و بەشێکە لە ماستەرپلانی شاری هەولێر و بە شێوەیەکی بازنەیی لە دەوروبەری شارەکە جێبەجێ دەکرێت. پرۆژەكە کاریگەرییەکی ئەرێنیی بەرچاوی لەسەر ژینگە و کوالێتیی ژیانی دانیشتووان دەبێت".

ئاماژەی بەوەشداوە، پرۆژەكە بریتییە لە چاندنی ٧ ملیۆن داری زەیتوون و فستەق، ئەم پرۆژەیە بەشێوەی بازنەیی لە دەرەوەی شەقامی ١٥٠ مەتریی هەولێر دروست دەکرێت، پانتایی پرۆژەکە 2 کیلۆمەترە و بۆ پشتیوانیکردنی ئەم پرۆژەیە، ١٠ پۆندی گلدانەوەی ئاو لەناو پرۆژەكەدا دروست دەکرێن.

پارێزگاری هەولێر گرنگی پرۆژەکە تەنها لە کەش و هەوادا نابینێت و دەڵێت، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، ساڵانە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی ١٤٠ هەزار بۆ ٢١٠ هەزار تۆن لە گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن (CO2)، لە هەوای شاری هەولێردا. هەروەها، پرۆژەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی جۆرەکانی دیکەی گازی زیانبەخش لە هەوای شارەكەدا دەبێت.

ئومێد خۆشناو جەختیشیکردەوە، زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەولێر، کەش و هەوای شارەکە پاکتر دەکاتەوە و مەترسییەکانی گازی ژەهراوی کەم دەکاتەوە، هاوکات، مەترسیی بەبیابانبوون و خۆڵبارین کەمتر دەکاتەوە و دەبێتە هۆی دابەزاندنی پلەکانی گەرما لە شاری هەولێر، بەمەش کوالێتیی ژیان بەگشتی باشتر دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەکە لەڕووی ئابووریشەوە، چاندنی ٧ ملیۆن داری زەیتوون و فستەق، سوودێكی ئابووریی گەورەی دەبێت. ئەم پرۆژەیە سەدان هەلی کار دەڕەخسێنێت و بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی زیاد دەکات، بەمەش پشتیوانی لە ئابووریی ناوچەکە دەکات.




PM:09:56:17/09/2025