لە وتارێکدا دکتۆر لارا بەختیار هۆشداری دەدات کە هەوای کوردستان لە ئێستادا بە مەترسیدار هەژمار دەکرێت ودەڵێت" چیدی ئەم خاکە ناتوانێت هەوای پاک و تەندروستمان پێ ببەخشێت و پێویستە هەنگاوی جددی بنرێت بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان."
لە وتارەکەدا دەشڵیت" بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەوای کوردستان و عێراق بەگشتی زۆر پیس بووە بە ماددەی pm2.5 کە ئە و ماددانە دەگرێتەوە کە لە 2.5 مایکرۆن بچوکترن و بە ئاسانی دەتوانن بچنە ناو ڕێڕەوی هەناسە و مولوولەکانی خوێن و بەرەو مێشک و دڵ و ئەندامەکانی جەستە بڵاو ببنەوە و ئێستا ئەم ماددەیە 13 جار لە ئاستی خۆی زیاترە و ئەمە جێگەی مەترسیە بۆ تەندروستی هەر تاکێکی کوردستان."
دەقی نووسینەکە:
زۆر بەداخەوە کە ژینگە و ئاوهەوای کوردستان ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت و ئەگەر هەروا بەردەوام بێت دەبێتە یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکیەکان بۆ جێهێشتنی وڵات و چیدی ئەم خاکە ناتوانێت هەوای پاک و تەندروستمان پێ ببەخشێت و پێویستە هەنگاوی جددی بنرێت بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان.
پێم خۆشە ئاگادارتان بکەمەوە کە بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەوای کوردستان و عێراق بەگشتی زۆر پیس بووە بە ماددەی pm2.5 کە ئە و ماددانە دەگرێتەوە کە لە 2.5 مایکرۆن بچوکترن و بە ئاسانی دەتوانن بچنە ناو ڕێڕەوی هەناسە و مولوولەکانی خوێن و بەرەو مێشک و دڵ و ئەندامەکانی جەستە بڵاو ببنەوە و ئێستا ئەم ماددەیە 13 جار لە ئاستی خۆی زیاترە و ئەمە جێگەی مەترسیە بۆ تەندروستی هەر تاکێکی کوردستان.
ئەم ماددانە لە ئەنجامی سووتانی سووتەمەنی و دووکەڵی سەیارە و کارگە گەورەکان و ئاگر کردنەوە و سووتانی ماددەی زیانبەخش دروستدەبن.
کاریگەریە لاوەکییەکانی لەماوەی کورتخایەندا بریتین لە:
- سەرئێشە
- هەناسەتوندی
- سووربوونەوە و خورانی چاو
- کۆکە
- دروستبوونی هەستیاریی هەناسەدان
و کاریگەریە درێژخایەنەکانی ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ بەرکەوتەمان هەبێت لەگەڵ ئەم هەوایە بریتین لە:
- ڕەبۆ
- نەخۆشییەکانی دڵ و مێش
- هەستیاری
- بەرزەفشاری خوێن و شەکرە
- زۆربوونی گرفتەکانی دووگیانی و نەزۆکی
ئەی چارەسەر چییە؟
پێویستمان بە هەنگاوی جددیە هەم لەسەر ئاستی تاک و لەسەر ئاستی حکومەت:
1- کەمکردنەوەی لۆدی ترافیک:
ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان هۆکارێکی گەورەی پیسبونی هەوان:
- باشترکردنی گواستنەوەی گشتی
- پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبیلەکان
- لابردنی ئۆتۆمبیلە کۆنەکان لەسەر ڕێگەوبانەکان
-کەمتر بەکارهێنانی ئۆتۆمبیل و گواستنەوەی تایبەت
- تەرخانکردنی چەند شوێنێک کە بە دووربێت لە هەر ئامرازێکی گواستنەوە
2- کارگەکان
چاودێریی ساڵانەی سەر کارگە و پاڵاوگەکان و گۆرینی ئامێرە کۆنەکانیان بە ئامێری تازە و پێشکەوتوو کە دۆستی ژینگە بن
3- زیادکردنی سەوزایی
دارودرەخت و سەوزایی فیلتەرێکی باشی ماددە زیانبەخشەکانی هەوان و یارمەتیی تەندروست مانەوەی ژینگە دەدەن
4- سووتەمەنی و گەرمکەرەوەکان
بوونی کوالێتیی خراپی سووتەمەنی بۆ گەرم کردنەوە و ئامێرەکانمان هۆکارێکی گەورەی پیسبوونی هەوان
5- نەسووتاندنی پاشەڕۆ پلاستیکییەکان
چۆن خۆمان بپارێزین؟
بەداخەوە وە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕێنمایمان دەکات کە ئەم هەوایەی ئێستا بۆ هەڵمژین زۆر زیانی هەیە و منداڵ و پیر و ژنانی دووگیان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت. هەربۆیە گرنگە:
- ماسک بەکاربهێنرێت لەکاتی چوونەدەرەوە
- دەرگا و پەنجەرەکان دابخرێن
- بەکارهێنانی ئامێری شێدارکردنەوەی هەوا لەناو ماڵدا
د. لارا بەختیار، پزیشک