وەزیری ژینگەی عێراق دەڵێت" بە پێی پۆلێنی جیهانیی، عێراق لە ڕووی ژینگەییەوە پێنجەمین پیسترین وڵاتی جیهانە، پیسبوونەکەش تەنیا ئەوە نییە کە لە ئەنجامی چالاکیی مرۆییەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکو گۆڕانی کەشوهەواش کاریگەری هەبووە".
د. هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق سەبارەت بە دۆخی وشکەساڵی و ژینگە لە عێراقدا و ڕێگەکانی چارەسەر ڕایگەیاند" زۆر بەداخەوە کەشوهەوای عێراق لە کەشێکی ئارام و ئاسوودەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە. ئەمەیش دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام عێراق یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە گۆڕانکارییەکان بەسەریدا هاتووە".
ئاماژەی بە گۆڕانکارییە سەرەکییەکان کرد کە بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کەمبوونەوەی ڕێژەی باران و بەفر، نزمبوونەوەی ئاستی ئاو لە دیجلە و فورات، کەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی و زیادبوونی بە بیابانبوون. وتیشی" ژمارەی دانیشتوانی عێراق کە لە ئێستادا لە ٤٥ ملیۆن زیاترە، ئەمە هەمووی پێویستی بە وزە و هاتوچۆ و چالاکیی جیاواز هەیە و زبڵ و خاشاکێکی زۆریش پەیدا دەکات. ئەمانە هەمووی وای کردووە کە ژینگەی عێراق بە شێوەیەکی گشتیی بگۆڕێت".
لەبارەی کاریگەریی کارگە و پاڵاوگەکان لەسەر پیسبوونی ژینگە، د. هەڵۆ مستەفا عەسکەری، باسی لەوە کرد کە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو ئەو چالاکییانەی پیسکەری ژینگەن، بەپێی یاسا و ڕێنمایی دەبێت و، وتی" ئێمە لە عێراق یاسای ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٩مان هەیە، یاسای بەرگریی کردن و چاکردنی ژینگە. ئەو یاسایە ماددەی سزای تێدایە کە وا دەکات سزای ئەو پیسکەرانە بدرێت کە ئاگادار دەکرێنەوە و لەگەڵیشیدا غەرامە دەکرێن، سزاکە تا زیندانی کردنیش دەچێت".
د. هەڵۆ مستەفا عەسکەری جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستیی وڵات بەو کارگە و پاڵاوگانە هەیە بۆ گەشەکردن، بەڵام دەبێت لەسەر حیسابی ژینگە نەبێت.
سەبارەت بە پێگەی عێراق لە ڕووی ژینگەییەوە لەسەر ئاستی جیهانیش وتی" عێراق بەپێی ئەوەی کە لە جیهاندا پۆلێن کراوە، عێراق لە ڕووی ژینگەییەوە یەکێکە لە پیسترین پێنجەم وڵاتی جیهان. لەبەرئەوەی کە هەر ئەوە نییە پیسبوونەکە لە ئەنجامی چالاکیی مرۆییەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکو لە گۆڕانی کەشوهەواشەوە سەرچاوەی گرتووە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بڕی ئەو بوودجەیەی بۆ ژینگەی وڵات دابین کراوە کە ئایا لە ئاستی پێویستدایە؟ وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند" هەموو شتێک دەبێت لە سەرەتاوە دەستپێبکات، ئیتر ئێمە لە سەرەتاوە دەستمان پێکردووە و چەند هەنگاوێکمان ناوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕێگەی ئەو هەنگاوانەوە وردە وردە پڕۆژەکان گەورەتر و فراوانتر بکەین".