ڕوانگەی عێراقی سەوز هۆشداری لە ئاوی پیسی چوار پارێزگا دەدات


لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕوانگەی عێراقی سەوز هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوەی چوار پارێزگا بە هۆی "ماددەی پیسکەری مەترسیدار" کە کاریگەریان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە. 

شەممە، ٧ شوبات، ٢٠٢٦، ڕوانگەی عێراقی سەوز ڕایگەیاند "پارێزگاکانی بەغدا، واست، میسان، و بەسرە پشت بە ئاوی رووباری دیجلە دەبەستن، کە ماددەی پیسکەری ئۆرگانیی زۆر مەترسیداری تێدایە وەک ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکانی پاشماوەی پلاستیک و پیشەسازی و هەڵمی کیمیایی (VOCs) و ژەهری کشتوکاڵی، کە زۆر مەترسیدارن بۆ تەندروستی مرۆڤ و خاوێنکردنەوەیان زۆر قورسە".

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە بەکارهێنانی ئاو لەو پارێزگایانە و "ئەو ماددانە زیانی تەندروستی گەورەیان لێدەکەوێتەوە کە بریتین لە شێرپەنجە، تێکچوونی غوددە، تێکچوونی جگەر و گورچیلەکان و پیسبوونی ژینگە".

"ئاوی ئەم رووبارە زۆر پیس بووە، بە جۆرێک کە پیسبوونەکە لە پایتەختەوە دەستپێدەکات و دەگاتە پارێزگاکانی دیکە کە ئەوانیش بەشدارن لە زیادکردنی رێژەی پیسبوونەکە، بەڵام بە رێژەی کەمتر، ئەم پیسبوونە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژیانی زیندەوەران هەیە"، ڕوانگەی سەوزی عێراق وا دەڵێت. 

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ڕوانگەکە وتویەتی "یەکێک لە وەزارەتەکان راپۆرتێکیان لەسەر هەڵسەنگاندنی کوالیتی ئاو لە بەغدا کردبوو، بە راسپاردەی لایەنە باڵاکانی حکوومەت، بەڵام دوای ئەوەی دەرکەوتنی ئەنجامە کارەساتبارەکان لە ئاوی دیجلەدا، ئەو لایەنانە نەیانویستووە ناوەڕۆکی راپۆرتەکە ئاشکرا بکەن، سەرەڕای ئەوەی ئەم ئاوە سەرچاوەی سەرەکی بەکارهێنانی رۆژانەی مرۆڤە".




PM:03:43:07/02/2026