"بەردەوامی جەنگ ئاو و هەواو و خاکی کوردستان پیس دەکات"


وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا سەبارەت بە کاریگەری جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لەسەر ژینگەی کوردستان دەڵێت " تا ئەمڕۆ جەنگ لە ناوچەکە نەبووەتە هۆکاری پیسبوونی هەوا".

سێ شەممە، ٧ نیسانی ٢٠٢٦، سەنعان عەبدوڵا، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "وێڕای بەردەوامیی جەنگ، تاوەکو ئەمڕۆ هەوای هەرێمی کوردستان ئاساییە و مەترسیی لەسەر نییە، ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێ، کاریگەریی زۆر خراپی دەبێت لەسەر ئاو، خاک و هەوای هەرێمی کوردستان".

"هەر درۆن و مووشەکێک لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بێت دووکەڵی هەیە و کاریگەری خراپی بۆ هەوا هەیە، دوای تەقینەوەشی دیسانەوە هەوا پیس دەکات"، وتەبێژی دەستەی ژینگە وا دەڵێت.

سەنعان عەبدوڵا، لە بارەی پاشماوەی کەرەستە جەنگیەکان و کاریگەریان لەسەر ژینگە وتویەتی "یەکێک لە مەترسییەکانی جەنگ و بەردەوامبوونی ئەوەیە، پاشماوەکانی جەنگ وەکو پارچەکانی مووشەک و درۆن تێکەڵی خاک و سەرچاوەکانی ئاو ببن، ئەوانە تاوەکو ئێستا زیانەکانیان نازاندرێت، بەڵام دوای بەردەوامبوون و توێژینەوەکردن لەسەریان مەترسییەکانیان دەردەکەون".

وتەبێژەکەی دەستەی ژینگەی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد کە "یەکێکی دیکە لە مەترسییەکانی جەنگ کەوتنەخوارەوەی درۆن و پاشماوەکانی جەنگە لە ناوچە سرووشتییەکان و مەترسیی دروستکردنی ئاگر و لەنێوبردنی هەموو جۆرە زیندەوەرەکانی نێو سرووشتە".

لە کۆتایی قسەکانیدا سەنعان عەبدوڵا دەشڵێت "لەکاتێکدا ئێمە سەرقاڵی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بووین، ئەم جەنگە هەمووی راگرت و خەریکە رەگەزەکانی ژینگە و هەمووی تێک دەدات".




PM:06:19:07/04/2026